کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژ بە دەسەڵات بەردەوامە و زیاتر لە ٢٦ کۆبوونەوە و مانگرتن لە چەن شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو.
ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی ، لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و ئێران زیاتر لە ٢٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن دژ بە دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرەڕۆی ئێران بەڕێوە چوو کە گرینگترینیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بنەماڵەی مامۆستا بەندکراوەکانی سەقز لە بەردەم بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیەکانی خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی(تامین اجتماعی) لە شارەکانی ئەهواز، زەنجان، بەندەر عەباس، شووش، کرماشان، ئابادان، کرمان، شووشتەر، تاران ، گیلان و تەورێز لە بەردەم بینای ئەم ئیدارەیەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد و کرێکارانی شارەداری خۆڕەمشار لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەم شارە دەستیاندایە مانگرتن.
هەروەها کرێکارانی فازی ٩و ١٠ی عەسەلوویە لە بەر پێنەدانی مووچە و دواکەوتنی مووچەکانیان دەسیاندایە مانگرتن و بازاڕیانی شارەکانی هەندیجان، کوهچنار، نوورئاوای مەمەسەنی، یەزد، ئیسفەهان، تاران و لەنجان بە هۆی گرانیی لەڕادەبەدەر و سەپاندنی ماڵیاتی زوورەملێ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد.