ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لە پارلمانی وڵاتی سۆئێد کۆنفڕانسێکی لە ژێر ناوی ” ئاشتی‌و پرۆسەی دیموکراسی” به‌ڕێوه‌برد. لە سەر بانگهێشتی ئەو ڕێکخراوەیه، ئاریز ڕەمەزانی، نوێنەری یه‌کیه‌تیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریی ئەو کۆنفڕانسەی کرد.
له‌و کۆنفڕانسه‌دا که به‌شداریی دەیان کەسایەتیی سیاسی، مامۆستای زانکۆ، شارەزایانی بواری دیموکراسی‌و مافەکانی مرۆڤ گیرا، کۆمه‌ڵێک باس‌و بابه‌تی جیاواز، له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تیی پەرەپیدانی دیموکراسی‌و گەشەپیدانی مافەکانی مرۆڤ هاتنە بەر باس.
له‌و کۆنفڕانسه‌دا که به وتاری ناسر بولادەی، سەرۆکی ” ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان ” کرایەوە، چه‌ند مژارێک بۆ باس لە سەر وڵاتانی ئێران، پاکستان‌و ئیتیۆپی کرابوونه‌وه‌و لەو بەشە دا زۆر بە وردی باس لە سیاسهتو ره‌فتاری کۆماری ئیسلامی بۆ دژایەتیی ئازادییهکانو پێشێلکردنی مافی مرۆظو مافی نه‌ته‌وه نافارسه‌کان له ئێران کرا.
ئیدریس ئه‌حمه‌دی، مامۆستا زانکۆ‌و لێکۆڵەری سیاسی یه‌ک له‌و کۆڕگێرانه بوو که له سه‌ر ره‌وشی ماف‌و ئازادییه‌کانی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران له ژێر حاکمییه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا قسه‌ی کرد‌و سیاسهتو کارنامه‌ی کۆماری ئیسلامیی له‌و پێوه‌ندییه بۆ به‌شدارانی کۆنفڕانس شی کرده‌وه‌و به هێنانه‌وه‌ی فاکت له‌سه‌ر پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی له تێرۆریسمی نێودهوڵهتیو تێرۆری جیابیرانی له نێو دڵی ئورووپادا، ئاماژه‌ی به تێرۆری دوکتور عه‌بدوره‌حمان قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفکەندی، دوو سکرتێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کرد که وێڕای ده‌یان کادری رێبه‌ریی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی به ده‌ستی تێرۆریسته‌کانی سه‌ر به کۆماری ئیسلامی له ئورووپا تێرۆر کراون.
ئه‌و نه‌یشارده‌وه که ئەگەر ڕۆژئاوا ده‌یه‌وێ تێرۆر‌و مەترسییەکانی لە ناو بەرێ، دەبی ڕەگو ڕیشەی تێرۆر و تێرۆریستان، کە لە تارانەوە سەرچاوە دەگرێ ببڕێ‌و لە سەری گەورەی تێرۆر واتە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بدا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسەدا فریدریک مالم، ئەندامی پارلمانی سۆئێدیش هه‌ر له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی له تێرۆریزمی نێوده‌وڵه‌تی دواو به ئاماژه به تێرۆری ڕێبه‌رانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گوتی که کاربەدەستانی ئێران لەو ڕێگەیەوە هەوڵی لە نێوبردنی یەکجاریی کوردەکان داوه‌و مەبەستیشیان لە کوشتنی کەسایەتییە سیاسی‌و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد ئەوە بووه کە دەنگی ئەو گەلە کپ بکەنو هێدی هێدی زەمینە بۆ لەناوبردنی یەکجاری کورد لە ئیران‌دا خۆش کەن.
شایانی باسه که نوێنەری یه‌کیه‌تیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەدا چاوی بە چەند کەسایەتی سیاسی وەک فرێدریک مالم، ناسر بولادای، سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان کەوت له سه‌ر بارودۆخی خراپی دیموکراسی‌و مافەکانی مرۆڤ لە ئێران‌و ڕۆژهەلاتی کوردستان قسە و باسی لەگەڵ کردن.