لەکاتێکدا هاوکارییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیە بۆ دەسبەسەرکردنی گرووپە تێرۆریستەکەی ئێران لە تورکیە بە تایبەتی لەشاری ئیستانبۆڵ درێژەی هەیە، دەوڵەتی ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتییانی کردووە کە تا ئەوکاتەی ئەو گرووپە تێرۆریستییە دەسبەسەر دەکرێن سەفەر بۆ تورکیە نەکەن.
ڕۆژنامەی “تایمزی ئیسرائیل” ڕۆژی هەینی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لەزاری هەواڵدەریی”کان”ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: دەزگای پاراستن و زانیارییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئێستاش، تیمی تێرۆری ڕێژیمی ئێران لە خاکی تورکیەدایە و هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل و تورکیە هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرش و پیلانەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە وەگەڕ خستووە و دەوڵەتی ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتییانی خۆی دەکا کە تا کاتی دەسبەسەرکرانی ئەو تیمە تێرۆریستییە لەسەردان و سەفەری وڵاتی تورکیە بەمەبەستی پاراستنی ژیانیان خۆیان ببوێرن.
بەرپرسانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت تۆڵەی کوژرانی فەرماندەکانی سپا، کە ئیسرائیل لەو کوشتنانە بە بەرپرسیار دەزانێ بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئانکارا لە پەیامێکی ڕووندا بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی لەتاران ڕاگەیاندووە کە، تورکیە ئیزن نادات کە ئێران لە خاکی تورکیەوە ڕێکخستنی هێرش و کردەوەی تێرۆریستی بەدژی وڵاتانی دیکە بکا.