ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بۆ جارێکی دیکە هوشداری دا کە هەشت بەندکراوی بەندیخانەکانی ئێران مەترسیی بڕینەوەی قامکی دەستیان لە سەرە.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە راپۆرتێکدا وێڕای هوشداری دووبارەی سەبارەت بە بڕینەوەی قامکی دەستی هەشت بەندکراو لە بەندیخانەی تاران، ڕایگەیاند لانیکەم هەشت بەندکراو مەترسیی بڕینەوەی قامکی دەستیان لە سەرە کە لەو هەشت کەسە سێ کەسیان لە ئەنجامی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەدا و لە دادگاییکردنی ناداداپەروەرانەدا ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپێندراوە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە “ئارەش سادقی” چالاکی مەدەنی لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو کە حوکمی بڕینەوەی قامکی دەستی ئەو بەندکراوانە ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردان لە زیندانی “ئێڤین”، بەهۆی تێکهەڵچوون لەگەڵ مەئموورانی زیندان وەدوا کەوتووە و لەو تێکهەڵچوونەدا ئەو هێزانە لووتی بەندکراوێکیان بە ناوی هادی ڕۆستەمی شکاند و لەو کاتەوە تا ئێستا بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لە سەر دۆخی تەندرووستیی کۆڕەکەیان نییە.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی پێشتریش داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردبوو کە بە هەر شێوەیەک کە دەکرێ هەوڵ بدەن بۆ ڕاگرتن و جێبەجێ نەکردنی حوکمی بڕینەوەی قامکی دەستی ئەو هەشت بەندکراوە کە حوکمێکی زاڵمانە و ناداداپەروانە و دژەمرۆییە.
هەر لەو پێوەندییەدا “ئانتۆنیۆ گۆترێش”، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاپۆپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەرزبوونەوەی ئاماری لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینیەوە تا ئێستا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند کە، زۆربەی ئەو حوکمانە ناداپەروەرانە بوون.
جێگای ئاماژەیە کە ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی لە چاو ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و لانیکەم ٣١٠ کەس لە بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمە لەسێدارە دراون کە ١٤ کەسیان ژن بوون و ئەو ئامارە لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی ٢٦٠ کەس ڕاگەیەندراوە.
سەڕەرای ئەوەی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ، چەندین جار خوازیاری ڕاگرتنی حوکمی نوقستان کردنی بەندکراوان لە ئێران بوون، لە پەنا ئەوەشدا حوکمگەلێکی وەک بەردباران و قامچی ڵیدان بە سەر هاووڵاتیاندا دەسەپێ و جێبەجێ دەکرێن و سەپاندنی ئەو حوکمانە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە هەروا درێژەی هەیە.