نووسینی ناوی “کوردستان” لە لاپەڕەی تایبەتی وریا غەفووری یاریزانی کوردی تۆپی پێی یانەی ئیستقلال کاردانەوەی توندی بەرپرسانی ڕێژیمی لێکەوتەوە.
وریا غەفووری یاریزانی بەناوبانگ و بە هەڵوێستی کورد خەڵکی شاری سنە لە سەردانی بۆ زێدەکەی خۆی بە نووسینی وشەی “کوردستان” لە لاپەڕە تایبەتەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەوتە بەر هێرش و بێ ڕێزی دووبارەی بەکرێگیراوان و وەزیرەکانی رێژیمی ئێرانەوە .
پان ئێرانیستەکان و بەکرێگیراوانی سەر بە ڕێژیم و وەزیری رێگا و بانی ڕێژیم بە ڕیتویتی ئەم توویتەی وریا غەفووری،ناو هێنانی “کوردستان” یان وەک جیاخوازی و پارچەپارچەکردنی ئێران ناو برد و هێرشیان کردە سەر.
ڕۆستەم قاسمی وەزیری ڕێگا و بان و شار سازی ڕێژیم لە تویتێکدا هێرشی کردە سەر وریا و هەڕەشەی تۆڵە سەندنی بەرانبەر هەڵوێستەکانی لێکرد، ئەم بەرپرسەی ڕێژیم کە بە ناوی کوردستان و وریا “تەنگاو” بووە وتی کە ئەم کەسانە کە مەبەستی (وریا) بوو، ئەوەی بیهەوێ ئێران دابەش بکا دەکەوێتە بەر زللـەی ئێمە و ئەوکەسانە پیانوایە کە ئەم کارە وەک یاری تۆپی پێ گەمەیەکە.