وەزارەتی تەندرووستیی ڕیژیم دەڵێ: بە تۆمارکردنی ١٣٥ هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە ئێران، ئاماری تووشبووان بەو نەخۆشییە لە ئێران زیاتر لە نێونجیی جیهانییە.
بەڕێوەبەری ئیدارەی پێشگیریی شێرپەنجەی وەزارەتی تەندرووستیی ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژە بە تۆمارکردنی ١٣٥ هەزار تووشبووی دیکە بە نەخۆشی شێرپەنجە لەو وڵاتە وتی: ئاماری تووشبووان بەو نەخۆشییە لە ئێران زیاتر لە نێونجیی جیهانییە و ساڵانە زیاتر لە ١٧ هەزار تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک لە نێو ژناندا تۆمار دەکرێ کە بەرچاوترین جۆری شێرپەنجە لە ئێرانە.
لە ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک کە پسپۆڕانی بواری پزیشکیی ناوەندی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی شێرپەنجەی “ئای، ئێی، ئاڕسی”، زانکۆی زانستیی پزیشکی تاران و ناوەندی تۆمارکردنی شێرپەنجەی ئێران، کە لە ماڵپەڕی نێونەتەوەیی شێرپەنجەدا بڵاو کرایەوە پێشبینی کراوە کە لە ساڵی ٩٦ ی هەتاوی ١١٢ تووشبوو بە شێرپەنجەی تۆمار کراوە کە تا ساڵی ١٤٠٤ ئەو ڕێژەیە دەگاتە ١٦٠ هەزار تووشبوو.
شایانی باسە کە تێچووی زۆری دەرمانی نەخۆشیی شێرپەنجە و نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ دەرکەوتن و دۆزینەوەی نەخۆشییەکە لە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووان بە نەخۆشیی شێرپەنجەیە.
ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی لەو بارەوە دەڵێن: شێرپەنجە یەکێک لە هۆکارەکانی مردن لە سەرتاسەری جیهانە و ساڵانە نزیک بە ١٠ میلیۆن کەس بەو نەخۆشییە گیان لەدەست دەدەن، یانی لە هەر شەش تووشبووی شێرپەنجە یەک کەس گیانی لەدەست دەدا و یەک لە سەر سێی مردنەکان بەو نەخۆشییە بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بەکارهێنانی ئەلکۆل، نەخواردنی میوە و سەوزە و نەبوونی چالاکیی جەستەییە.