لە ئێران سەرەڕای گرانیی لەڕادەبەر و بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیان کرێ خانوویش بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بووەتەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١ی هەتاوییەوە، لەگەڵ گرانی و بەرزبوونەوەی نرخەکان و هەڵاوسانی ئابووری، لە ئێران نرخی کرێ خانوو لە شارەکانی ئێران بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بووەتەوە و ئەوەش بووەتەوە هۆی ئەوەی کە کێشەکانی کرێچی و ئەو کەسانەی ماڵیان نییە دوو هێندە زیاد بێ، “عەبدوڵا ئەوتادی” ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خاوەن مڵکەکان لەوە بارەوە وتی: لە تاران و بەشێک لە شارەکانی دیکەی ئێران نرخی کرێ خانوو لەسەتا ٣٠٠زیادی کردووە و لەو پێوەندییەدا بانکی ناوەندیی ڕێژیمیش دەڵێ: نرخی کرێ ماڵ، لە بانەمەڕی ئەمساڵ لە چاو بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو سەتا ٥٠ زیادی کردووە.
لە دانیشتنی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ کە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، گەڵاڵەیەک پەسند کرا کە نرخی کرێ خانوو لە تاران سەتا ٢٥ و لە شارەکانی دیکە سەتا ٢٠ تا سەتا ١٥ بێ، بەڵام تا ئێستا ئەو گەڵاڵەیە کاری پێ نەکراوە و خاوەن مەڵکەکان بە ئیشتیای خۆیان کرێی ماڵ دیاری دەکەن و ماڵێکی ٩٠ میتری بە ٣٠٠ میلیۆن پێش کرێ و مانگانە ٤ میلیۆن تمەن دەدەن بە هاووڵاتییان و لەو بارەوە هیچ ناوەندێک لێپرسینەوە لەو کەسانە ناکا و خەڵکی کەمداهات و هەژاری کۆمەڵگەش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکەونە ژێر گوشارەوە.