دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە، ئەگەر پێویست بکا ئیسرائیل بە تەنیا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی دەبێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، دێنی دانۆن، باڵوێزی پێشووی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی “ئێران ئینتێرناشناڵ” سەبارەت بە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل وتی: ئیسرائیل پێداگرە لەسەر ئەوەیکە تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانانیش هاوکاریی نەکەن بە تەنیا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەبێتەوە و ئیزن نادا بەهیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا لەبەر ئەوەی ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا گومان لەوەدا نییە کە بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێ لە شکاندنی یاسا نێونەتەوەییەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هەروەها دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر کۆمەڵگەی جیهانیش.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەدا، هەنگاوی چوونە دەرەوەی ئەمریکای لە بەرجام لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی بە هەڵەیەکی جییددی ناو برد و وتی: لە ئێستاشدا گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ بەرجام بەهەمان شێوەیە دەبێتە هەڵەیەکی گەورەتر، لەبەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران بەهەر شێوەیەک بێ بە دوای ئامانجی خۆی دەکەوێ کە ئەویش دەست پێڕاگەیشتنە بە چەکی ناوکیی و کەڵک لە متمانەی وڵاتانی دێموکراتیکی ئەندام لە بەرجام وەردەگرێ بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا، بۆیە دەبێ هەموو دنیا باش بزانێ کە بە هیچ شێوەیەک نابێ ڕێگە بە تاران بدرێ کە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.