کارناسانی مافی مرۆڤی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای هۆشدار بە کۆمەڵگەی جیهانیی نیگەرانییەکانی خۆیانیان سەبارەت بە سەرکوتی بێ ڕەحمانەی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی ئێران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەربڕی.
دەفتەری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، بەیاننامەی هاوبەشی ١١ کارناسی مافی مرۆڤی ئەو ڕێکخراوەیەی سەبارەت بە سەرکوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی ئێران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە بڵاوکردەوە و کارناسانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ناڕەزایەتیی دەربڕینی بەربڵاوی کرێکاران ومامۆستایان و هەروەها سەرکوتی بێ بەزەییانەی خەڵک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە هۆشدار بە کۆمەڵگەی جیهانیی دەدا و داوا دەکەن کە کۆمەڵگەی جیهانیی دەبێ، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ناچار بە وڵامدانەوە لەهەمبەر ئەو سەرکوتانە بکا.
لەبەشێک لەو بەیاننامەیەدا کە جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران واژۆی لەسەر کردووە هاتووە کە، ئێمە لە سەرکوت و دەسبەسەرکرانی لە خۆڕای مامۆستایان، چالاکانی مافی کرێکاری، بەرپرسانی یەکیەتییەکان، پارێزەرەکان، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و خەڵکی بێتاوانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران لەلایەن بەرپرسانی رێژیمی ئێرانەوە بە جیددی نیگەرانین.
شایانی باسە کە لە کاتی دەسپێکی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی مامۆستایان وکرێکاران لە ئێران تا ئێستا زیاتر لە ٨٠ مامۆستا لەلایەن هێزە چەکدارەکان و دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.