ئاڕەش موكری، بەندكراوی سیاسیی كورد كە زیاتر لە ٢ مانگە بۆ زیندانی ئینفرادیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواستراوەتەوە، ٢٣ ڕۆژە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی لە زینداندا مانی لە خواردن گرتوە.
ئاڕەش موكری خوێندكاری ئاستی كارناسیی پلەی باڵای زانكۆی تەورێزەو لە ڕۆژی ٦ی ڕەشەممەوە لە ماڵی خۆیدا لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە مەهاباد دەسبەسەركراو بۆ شوێنێكی ناڕوون گواسترایەوە. بنەماڵەی ئارەش دەڵێن تا ماوەیەكی زۆر بە شوێنی ڕاگرتنی ڕۆڵەكەیان نەدەزانی.
بنەماڵەی موكری لەم چەند ڕۆژەدا ئاگادار کراونەتەوە كە کوڕەکەیان زیاتر لە ٢ مانگە لە زیندانی ئینفرادیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا ڕاگیراوە، بەڵام بەم حاڵەش سەرەڕای سەردانی بەردەوامی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە تا ئێستاش نەیانتوانیوە چاویان پێی بكەوێ.
بنەماڵەی ئاڕەش دەڵێن لە رێگای هەندێ کەسەوە زانیاریی ئەوەیان دراوەتێ كە بارودۆخی کوڕەکەیان هیچ باش نییەو زۆریان جەزرەبە داوە، بۆیە کوڕەکەیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونیی چارەنووسی ماوەی ٢٣ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.
شایانی باسە كە لە مانگەكانی پێش دەسبەسەركرانی ئارەشدا، ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا دوو جار ناوبراویان بانگ كردبووە ئەو ناوەندەو بە تۆمەتی هاوكاری كردنی حیزبە كوردییەكان لێكۆڵینەوەیان لێكردبوو.