لەدرێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ڕێژیم ڕۆژی ڕابردوو ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی گشتیی کاسبکاران و بازاڕییان لە سێ شاری ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لەدرێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ڕێژیم ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئەهواز، شووش، شووشتەر و کرماشان و هەروەها لە دوو پارێزگای گیلان و زەنجان لە بەردەم بینای ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان، بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی تۆڕی بانکیی ئێران لەبەردەم بینای سندووقی خانەنشینی کارمەندانی بانکەکان لە تاران، کارمەندانی کۆمپانیای گەیاندن و گواستنەوەی نێودەوڵەتی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم بینای وەزارەتی بازرگانی لە تاران و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خاوەن بارهەڵگرەکان لەبەردەم بینای بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندن لە تاران بەڕێوە چوو.
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان کۆمەڵێک لە کاسبکاران و بازاڕییانی، ئیلام، فەسا و ئەراک دەستیان دایە مانگرتن.