دایە زەینەب پەرویزی هاوژینی شەهید “محەممەدئەمین مەعرووفی” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە زەینەب پەرویزی هاوژینی شەهید “محەممەدئەمین مەعرووفی” لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا لە شاری بانە بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کرد.
دایە زەینەب ژنێکی کوردپەروەر و نیشتماندۆست و حیزبخۆشەویست بوو کە تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی دێموکرات و کوردایەتی مایەوە.
ناوبراو هاوژینی شەهید محەممەدئەمین مەعرووفی فەرماندەی لکی ١ی هێزی شەهیدانی وەردێ بوو کە لە هاوینی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە شەڕێکی قارەمانانەدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە چەمی بۆیەنی خواروو شەهید کرا و چووە ڕیزی نەمرانی مێژووە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەبۆنەی کۆچیدوایی دایە زێنەب سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی بانە دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.