لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا دوو کەس لە ئەندامەکانی هەوافەزای سپای پاسدارانی ڕێژیم بەناوەکانی” محەممەد عەبدووس و عەلی کەمانی” بەشێوەیەکی گوماناویی لە شارەکانی سمنان و خومەین مردوون.
هەواڵدەریی فارس، سەربە سپای پاسدارانی رێژیم شەوی یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، بەبێ ئەوەیکە باس لە هۆکاری مردنی ئەندامی هەوافەزای سمنان بەناوی” محەممەد عەبدووس” بکا ڕایگەیاند کە لەکاتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیدا مردووە، لەلایەکی دیکەوە پێوەندییەکانی سپای” ڕوحوڵا”ی ڕێژیم ڕایگەیاند کە، عەلی کەمانی ئەندامی سپای پاسداران وهەوافەزای خومەین بەهۆی ڕووداوی ماشینەوە مردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە هەواڵدەرییەکانی ئۆپۆزیسیونی رێژیمی ئێران لەم بارەوە ڕایانگەیاندووە کە، محەممەد عەبدووس و عەلی کەمانی لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە کوژراون.
پێویستە بگوترێ کە لەماوەی مانگی ڕابردوودا دوو کەس لە فەرماندە باڵاکانی سپای قودسی ڕێژیم بەناوەکانی” حەسەن سەییاد خودایی و عەلی ئیسماعیلزادە” لە تاران وکەرەج کوژران کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران ئەو تێرۆرانەیان خستۆتە ئەستۆی ئیسرائیل.
هەرلەم پێوەندییەدا لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا” ئەیووب ئینتیزاری” کارناس و پسپۆڕی هەوافەزای سپای ڕێژیم لەشاری یەزد، بەشێوەیەکی گوماناویی مرد و ڕاگەیاندنە نێوخۆییەکانی ڕێژیم ئەو مردنە گوماناوییەیان خستە ئەستۆی “مووساد”ی ئیسرائیل.