سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ: ئەگەر ڕۆژاوا دژکردەوەی نەبێ ڕێژیمی ئێران دەبێتە خاوەنی چەکی ناوکیی.
ڕۆژی شەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وتووێژێکدا لەگەڵ “تێلگراف” بە ئاماژە بەوەیکدا وڵاتانی ڕۆژاوایی لەهەمبەر ئەو مەترسییەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێتە خاوەن چەکی ناوکیی ئاگادار بکاتەوە وتی: ڕێژیمی ئێران بە پێشێل کردنی یاسای ڕێککەوتنی ناوکیی و وڵامنەدانەوە بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، خەریکە بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار نزیک دەبێتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی، ئەگەر وڵاتانی ڕۆژاوایی و کۆمەڵگەی جیهانیی بەگشتیی هیچ دژکردەوەیەکیان نەبێ، بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامیی دەبێتە خاوەن چەکی ناوکیی و ئەوەش مەترسییەکی جیدییە بۆ سەر جیهان.
لەو وتووێژەدا، بێنێت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ڕێژیمی ئێران بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو خەریکی پیتاندنی ئۆرانیۆمە و بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار خەریکە دەبێتە خاوەنی چەکی ناوکیی.