ڕووسیە دەڵێ: ئێران بۆمبی ناوکیی بەرهەمناهێنێ مەگەر ئەوەیکە وڵاتانی ئورووپایی هانی بدەن.
میخائیل ئۆلیانۆف، نوێنەری تایبەتی ڕووسیە لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان ڕۆژی شەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، بەئاماژە بە کێشەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتی: ئێستاش ئەگەری ئەوە هەیە کە لەگەڵ ئێران لە ڤییەن بگەین بە ڕێککەوتن.
سەرەڕای بە بۆنبەست گەیشتنی وتوێژەکان لە نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام، نوێنەری ڕووسیە دەڵێ: ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزدا نەمردووە و ئێستاش دەتوانین ئەو ڕێککەوتنە زیندوو بکەینەوە.
ئۆلیانۆف لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی” ئێران ئینتێرنشناڵ” دەڵێ: من لەسەر ئەو باوەڕە نیم کە ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا بیهەوێت چەکی ناوکیی بەرهەم بهێنێ مەگەر ئەوەیکە ولاتانی ڕۆژاوایی و ئەمریکا ئێران هان بدەن.
جێگەی ئاماژەیە کە پاش ئەوەیکە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بڕیارنامەی بەدژی ڕێژیمی ئێران پەسەند کرد، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە هەموو کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییان لە دامەزراوە ناوکییەکانیان داخستووە و ئیزنی چاوەدێری بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی نادەن.