دەوڵەتی کانادا داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە کە بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئەمنییەتیی، هەڕەشە ناوچەییەکانی تێرۆریزم و ئەگەری دەسبەسەرکران لە هەرجۆرە سەفەرێک بۆ ئێران خۆیان بەدوور بگرن.
ماڵپەڕی فەرمیی دەوڵەتی کانادا، ڕۆژی شەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا، سەرەڕای هۆشدار بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لەهەمبەر سەفەر نەکردن بۆ ئێران نووسی: ئێران جێگەی باوەڕ نییە و ئەمنییەتی ئێوە لەو وڵاتەدا پارێزراو نییە و ڕووبەڕووی مەترسیی جیددی دەبنەوە، بۆیە ئەگەر لە ئێستاشدا هاوڵاتییانی کانادایی لە ئێرانن بەو مەرجەی کە ڕێگایەکی پارێزراو هەبێ بە خێراترین کات دەبێ خاکی ئێران بە جێبهێڵن.
ئەو بەیاننامەیە پاش ئەوەیکە دادگای باڵای”ئۆنتاریۆ”ی کانادا حوکمی خۆی لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەی پی ئێس ٧٢٥ی لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیرانەوە بە وەزەراتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیاندووە دەرکراوە.
بەپێی حوکمی ئەو دادگایە، کردەوەی سپای پاسداران بۆ خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە مەدەنییە بە ئەنقەست و تێرۆریستی ناو هێنراوە.
جێگەی ئاماژەیە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیران ساڵی ٩٩ی هەتاوی بە دوو مووشەک فڕۆکەی مەدەنیی ئۆکراینی کردە ئامانج و هەموو ١٧٦کەس موسافیرەکەی ئەو فڕۆکەیەی کوشت.