سەید ڕەزا درودگەر، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکڕاتو ئەندامی پێشووی رێبەری حیزب بەهۆی نەخۆشی لە دوورەوڵاتی کۆچی دوایی کرد.
سەید ڕەزا درودگەر، کوڕی سەید عەبدوڵلا، خەڵکی پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەو ساڵی ١٣٥٧ بۆ خەباتی سیاسی ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی هەڵبژاردو بەهۆی نەسرەوتنو تێکۆشانی بێوچانو دەروەستانەی هەموو قۆناغی تەشکیلاتیی حیزبی یەک لە دوای یەک بریو ماوەی ٦ دەورەو بۆ ١٨ ساڵ ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکڕات بوو.
کاک سەید ڕەزا درودگەر، خەباتکارێکی نەسرەوتوو، دڵسۆزو شێلگیر لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی سادەو خاکەڕایی، خۆشناوو جێی ڕێزو حورمەتی هاوڕێیانی بوو. سەید رەزا هەروەها برای دوو شەهیدی حیزبی دێموکڕات بوو و بۆ خۆشی ماوەی ٤٠ ساڵو تا بەهۆی نەخۆشی چاوی لێکنان، پێشمەرگەو درێژەدەری ڕێبازی حیزبی دێموکڕات بوو.
کاک سەید ڕەزا درودگەر کە ماوەی چەند ساڵێک بوو بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی سەفەری دەرەوەی وڵاتی کردبوو، ڕۆژی هەینی ١٧ ی بانەمەڕو لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی شاری ” بێرگێنی” لە وڵاتی نۆروێژدا ماڵاوایی لە هاوسەنگەرانو نیشتمانەکەی کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک سەیدڕەزا درودگەر سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکارو هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکڕاتدا دەکاو خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ. هەر لەو پێوەندییەدا هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ١٨ ی بانەمەڕ بەشداری پرسەو کۆڕی سەرەخۆشیی کاک سەیدڕەزا دەبێو لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی کۆچکردوویدا دەکەن.