ڕۆژنامەی جەوان، سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: ئەگەر ئێران ناتوانێ نەوتی خوی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکا، دەتوانێ کێشە و بەربەست بۆهەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی ناوچەکە دروست بکا.
ڕۆژنامەی جەوان کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە ڕۆژی شەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە بابەتێکدا سەبارەت بە گەمارۆ نەوتییەکانی سەر ئێران نووسی: ئەگەر ئێران ناتوانێ نەوت هەناردە بکا بۆ وڵاتانی دەرەوە و بیفرۆشێ، هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی ناوچەکەش دەبێ ڕاوەستێ و بەربەستی بۆ دروست بێ.
ئەو ڕۆژنامەیە دەسبەسەرداگرتن و ڕفاندنی نەوتهەڵگرەکانی یونانی لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە مەنتقی هێز ناوبرد و ئەو ڕێگایەی بۆ وەرگرتنەوەی نەوتهەڵگرە دەسبەسەرداگیراوەکەی ئێران لە ئاوەکانی یوناندا بە دروست دەزانێ.
جێگەی ئاماژەیە کە لە دەسپێکی کێشە و قەیرانەکانی ئۆکراینەوە، ڕووسیە بۆ قەرەبوو کردنەوەی گەمارۆ نەوتییەکانی ئورووپا لەسەر وڵاتەکەی و فڕۆشتنی نەوتەکەی بە نرخێکی کەم بازاڕی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داگیر کردووە.