ڕێورەسمی بڕوانامەدانی فێرگەی ئایینیی سەڵاحەدینی ئەیووبی، لە شاری پیرانشار سەرەڕای پیلانگێڕییەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو .
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێشنجشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، فێرگەی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار بە بۆنەی پێدانی بڕوانامەی مامۆستایەتی بە ٣٠ قوتابی ئایینیی، بە ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی، شاعیران و نووسەرانی کورد و بە بەشداری ٤٥٠٠ کەس لە مزگەوتی جامیعەی نوێی پیرانشار، سەرەڕای ئەوەیکە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگرییان دەکرد، بەڕێوە چوو.
هەموو ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی دژی ئەوە بوون کە ئەو رێوڕەسمە بەڕێوە بچی، بەڵام بە پێداگریی بەڕێوەبەرانی فێرگەی سەڵاحەدین لە سەر بەڕێوەچوونەکە، نەیانهێشت پیلانگێڕیی ڕژێم سەر بگرێ.
شایانی باسە کە دواتر و کاتێک بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن پێش بەو ڕێوڕەسمە بگرن، بە بەشداریی بەئەنقەست و بەرنامە بۆ داڕێژراو، دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم هەوڵیاندا مۆرک و ناوی خۆیان لەو ڕێورەسمە بدەن و سیمای خزمەتگوزاری و پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانی ناوەندی سەڵاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار بشکێنن .