بڕیاری بریتانیا کە پەناخوزان دەگوازێتەوە بۆ کەمپێک لە وڵاتی “ڕواندا” نیگەرانیی لەسەر پەناخوازە ئێرانییەکان دروست کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی “ڕۆیتێرز”لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پەناخوازان لە بریتانیا لە شاری “لەندەن” لەهەمبەر بڕیاری ئەو وڵاتە کە پەناخوازان دەگوازێتەوە بۆ وڵاتی “ڕواندا” لە ئافریقا، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. فەرماندەیەکی پۆلیسی پێشووی ڕێژیمی ئێران کە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، ئەو بڕیارەی سەرکوتکردنی خەڵکی جێبەجێ نەکردووە ، پەنای بۆ وڵاتانی ئورووپایی بردووە و لە بریتانیا داوای پەنابەریی کردووە ڕوو بە دەوڵەتی بریتانیا وتی: ئەگەر ئێمە بنێرن بۆ ڕواندا بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی بە کرێگیراوەکانییەوە تێرۆرمان دەکا و لەوێ ژیانمان لە مەترسییدایە.
ئەو فەرماندەی پۆلیسە کە پەناخوازی بریتانیایە، لە “دادگای خەڵکیی ئابان”ـیش کە لە شاری “لەندەن”ـی پێتەختی بریتانیا بەرێوەچوو بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران شایەتی داوە کە ڕێژیم بەدژی خۆپێشاندەرە ناڕازییەکان جینایەتی زۆر گەورەی کردووە و تەواوی مافەکانی مرۆڤی پیشێل کردووە، دوای ئەوەی کە لە دادگا لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی شایەتی داوە، بەکرێگیراوانی ڕێژیم خستوویانەتە ژێر چاوەدێری و لە ئێران گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەیان.