کارناسانی وڵاتانی رۆژاوایی دەڵێن: بڕیاری ڕێژیمی ئێران بۆ لابردنی کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە دامەزراوە ناوکییەکانیان، ئەگەری بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران کەم دەکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” پۆلێتیکۆ” کارناسانی ڕۆژاوایی، ڕۆژی هەینی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر لابردنی کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەلایەن ئێرانەوە دەڵێن: دەسپێڕانەگەیشتنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بە کامێرا چاوەدێرییەکان، هۆکاری سەرەکییە کە ئاژانس نەتوانێ چاوەدێری چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بکا و ئاژانس ناتوانی گەرەنتی ئەوە بکا کە چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی دیاریکراوی جیهانییدایە، هەموو دەرگایەک لەسەر ڕێککەوتنی وڵاتانی زلهێزی جیهانیی لەگەڵ ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دادەخا.
جێگەی ئاماژەیە کە پاش پەسەندکرانی بڕیارنامە و مەحکوومکردنی رێژیمی ئێران لەلایەن شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییەوە، ڕێژیمی ئێران بە کاردانەوە لەهەمبەر ئەو بڕیارە، کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی داخستووە و ئیزنی چاوەدێری کردنی چالاکییە ناوکییەکانی بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی نادا.