دایە هەمین پیرۆتی دایکی شەهیدان” ڕەزا و قاسم ڕەحیمپوور” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی هەینی لەسەر شەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی دایە” هەمین پیرۆتی” دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوەکانی شەهیدان” ڕەزا و قاسم ڕەحیم پوور” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە هەمین، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە مەهاباد ژیاوە و لەبەر خۆشەویستییەکەی بۆ خاک و نیشتمان دوو جگەر گۆشەی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە و تادوایین ساتەکانی ژیانی دڵە گەورەکەی بۆ ئازادی نیشتمان لێیدەدا.
شەهید ڕەزا و شەهید قاسم، دووکەس لە پێشمەرگە خۆشەویست و فیداکارەکانی حیزب بوون کە بەداخەوە لە شەڕێکی نابەرانبەردا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە نێوان گوندەکانی لاچین و سەیداوا، شەهید قاسم شەهید دەبێ و گیانی خۆی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان دەکا و کاتێک کە شەهید ڕەزا بەدیل دەگیردرێ بە فەرمانی خالخاڵی جینایەتکار لە بەندیخانە لە سیدارە دەدرێ و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو دەبێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی دایە” هەمین پیرۆتی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم وکەسوکاریان وهەروەها خەڵکی نیشتمانپەروەری مەهاباد دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.