چالاکانی سیاسی و مافە مرۆییەکانی ئێران نیگەرانن لەوەیکە گەڵاڵەی یاسای بەکارهێنانی چەک بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە مەجلیسی ڕێژیم زیاتر ببێتە هۆی کوشتنی خەڵکی بێ تاوان و ناڕازیی.
چالاکانی سیاسی،مەدەنی ومافە مرۆییەکانی ئێران ڕۆژی هەینی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانییەکانی خۆیانیان لەهەمبەر ڕەشنووسی گەڵاڵەیەکی نوێ لەسەر بەیاسایی کردنی کەڵک وەرگرتن لە چەک بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان کە دراوە بە مەجلیسی رێژیم بۆ پەسەندکردن دەربڕی.
لەو گەڵاڵەیەدا هاتووە کە هێزە چەکدارەکان دەسەڵاتی تەواویان هەبێ کە لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵکی ناڕازیی و دژبەرانی ڕێژیم بکەن.
جێگەی ئاماژەیە کە دامودەزگا سەربازی و چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کە بەردەوام بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە چەک کەڵکیان وەرگرتووە، ئێستا دەیانهەوێت بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە ئێران، بەکارهێنانی چەک و تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵکی خۆپێشاندەر وناڕازیی بە یاسایی بکەن.
ئەم گەڵاڵە نوێیە ئەگەر لەلایەن مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانەوە پەسەند بکرێ، ئەوە ئیزن بە کەسانی سەربازی و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەدا کە ئەگەر کەسێکیشیان کوشت هیچ دەزگایەکی پێوەندیدار نەتوانی لێکۆڵینەوەیان لێ بکا و زۆر بە ئاسانی خەڵکی بێ تاوان زیاتر و ڕاشکاوانەتر لە جاران بکوژن.
ڕەشنووسی ئەو گەڵاڵەی نوێیە بڕیارە لە حەوتووی داهاتوودا لە مەجلیسی ڕێژیم دەخرێتە دەنگدانەوە.