شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەکەی بەدژی ڕێژیمی ئێران پەسەند کرد و ئەو وڵاتەی بە هاوکاریی نەکردنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی مەحکووم کرد.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لەزاری دیپلۆماتە ڕۆژاواییە بەشدارەکان لە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییەوە ڕایگەیاند کە، بەزۆرینەی دەنگی وڵاتانی ئەندام لە شۆرای بڕیاردەر، بڕیارنامەیەک بەدژی ڕێژیمی ئێران پەسەند کراوە کە لەو بڕیارنامەیەدا ڕەخنەی توند لەئێران لەهەمبەر هاوکاریی نەکردنی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییدا گیراوە.
ڕێژیمی ئێران تۆمەتبارە بەوەیکە وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەسەر پیتاندنی ئۆرانیۆم لە سێ دامەزراوەی ناوکیی شاراوەی خۆی بە ئاژانس نەداوەتەوە و ئیزنی لێکۆڵینەوە بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەو سێ دامەزراوەیە نەدراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٣٠ وڵاتی ئەندام لە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی دەنگی ئەرێنییان بە بڕیارنامەکە داوە، چین و ڕووسیە دژایەتیی بڕیارنامەکەیان کردووە و وڵاتانی هێند، پاکستان و لیبی، دەنگی سپییان بە بڕیارنامەکەداوە.
لەو بڕیارنامەیەدا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانیی زۆری ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی لەسەر شاردنەوەی سێ دامەزراوەی ناوکیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانە و هاوکاریی نەکردنی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، داوایان لەتاران کردووە کە بەبێ ئەوەیکە بیهەوێت کات بەفیڕۆ بدا لەگەڵ ئاژانس هاوکاریی بکا.
جێگەی ئاماژەیە کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ٩ی جۆزەردان لە ڕاپۆرتێکدا بە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی ڕاگەیاندبوو کە، ڕێژیمی ئێران وڵامی پرسیارەکانمان لەسەر سێ دامەزراوە ناوکییە شاراوەکانی ناداتەوە و تا ئێستا کێشەی ئەو سێ دامەزراوە ناوکییە چارەسەر نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بە کاردانەوە لەهەمبەر پەسەندکردنی بڕیارنامە و مەحکوومکردنی ئێران، بەهۆی هاوکاریی نەکردنی ئاژانسی نیونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەلایەن شۆرای بڕیاردەری ئاژانسەوە ڕایگەیاند کە، بەرپرسایەتیی لێکەوتەکانی پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیە دەکەوێتە ئەستۆی وڵاتانی ئەمریکا، ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە.