وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای هەڕەشە لە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی وتی: ئەگەر شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بڕیارنامەیەک بەدژی ئێران پەسەند بکا، ئەوە لێکەوتەکانی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە ئەو بڕیارنامەیانە نووسیوە.
ئەمیرحوسێن عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بەئاماژە بە دانیشتنی شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی نووسی: ئەگەر ئەو وڵاتانەی کە ڕەشنووسی بڕیارنامە بەدژی ئێرانیان داوە بە شۆرای بڕیاردەری ئاژانس هەڕەشە بۆ سەر ئێران دروست بکەن، ئەوە دەبێ بەرپرسایەتیی هەموو لێکەوتەکانی وەئەستۆ بگرن.
هەرلەم پێوەندییەدا مەحموود عەباسزادە، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتەکانی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسی ئەو ڕێژیمە بە هەواڵدەریی” تەسنیم”ی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بڕیارنامەیەک بەدژی ئێران پەسەند بکەن، ئەوە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن تووشی شکست دەبێ و کۆتایی پێدێ.