دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نۆیەمین ساڵیادی خۆسووتاندنی سێ کەس لە چالاکان و پەیڕەوانی ئایینی یاری لە شاری سەحنە، ژمارەیەک لە چالاکانی پەیڕەوی ئەو ئایینە دەسبەسەر کران کە یەکێکیان سیاوەش حەیاتی چالاکی ناسراوی یارسان و وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی یارسان و سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد بوو.
شایانی باسە کە سیاوەش حەیاتی دوای ٤ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر هاووڵاتییەکانی دیکە لەبەردەستدا نییە.
سیاوەش حەیاتی لە ڕێوڕەسمێکدا لە سەر گۆڕی نیکموراد تاهیری لەسەر مافی نەتەوەیی و ئایینی یارسانەکان و پەراوێزخرانیان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پەیامێکی خوێندەوە.
ناوبراو ئەندامی ڕێبەری بەرەی یەکگرتووی کوردە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لێکراوە.