“خاڵە شەریف شاهی” باوکی شەهید هەمزە شاهی لە ناوچەی شنۆ ماڵاویی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاند حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ئاوایی سینگان سەر بە شاری شنۆ “خاڵە شەریف شاهی” باوکی شەهیدی نەمر شەهید “هەمزە شاهی ” بەهۆی نەخۆشی دڵەگەورە و پڕ لە هیواکەی له لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاڵە شەریف کەسێکی نیشتمان پەروەر، خۆشناو و دێموکراتدۆست بوو و ئاواتی ودیهاتنی ئامانجی کوڕە شەهیدەکەی و هەموو شەهیدانی کوردستان، کە ئازادی خاک و گەلەکەیە بوو، زۆر جاران لەلای خەڵکی خەمخۆری نیشتمانەکەی داوای بەردوامیی خەبات لەدژی داگیرکەرانی کوردستانی دەکرد و لاوانی کوردستانی هان دەدا کە لەسەر داواکەیان بۆ مافخوازیی پێداگربن.
کوڕێکی خاڵە شەریف بە ناوی “هەمزە شاهی” پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی، لە نەرزیوێی شنۆ، لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ داگیرکەرانی نیشتماندا گیانی فیدای نیشتمان کرد و چووە ڕیزی نەمرانەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاند حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەبۆنەی کۆچیدوایی خاڵە شەریف، سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و هەموو خزم و کوسوکار و خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.