پاش هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر خاکی ئۆکراین، هێزەکانی ڕووسیە دەستیان بەسەر ڕێگە ئاوییەکانی دەریای ئازۆف و دەریای ڕەشدا گرتووە و بە هیچ شێوەیەک دانەوێلە ناگا بە وڵاتانی جیهان.
جۆزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ئاماژە بە هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر خاکی ئۆکراین وتی: ڕووسیە تۆمەتبارە بە کەمیی دانەوێڵە و خواردەمەنی لە جیهاندا و دەبێ بە خێراترین کات شەڕ لەگەڵ ئۆکراین کۆتایی پێبهێنێ و ڕێگە ئاوییەکان بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە و خواردەمەنیی بە ڕووی جیهاندا بکاتەوە.
ناوبراو هەروەها وتی: ڕووسیە بەرپرسی ڕاستەوخۆیە لە کەمیی دانەوێڵە و بازرگانیی نێونەتەوەیی و بە جێگەی ئەوەیکە کۆتایی بە شەڕ بێنی، دەیهەوێت گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لەسەر وڵاتەکەی لاببا.
هەروەها جۆزیڤ بۆرێڵ، لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا، هێزی سەربازیی ڕووسیەی کردۆتە ئامانج و ئەو یەکیەتییە ئیزن بە هیچ وڵاتێک نادا کە بە بێ هۆکار هێرشی سەربازیی بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە.
شایانی باسە کە پێش لە هێرشە سەربازییەکەی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین و دەسبەسەرداگرتنی دەریای ڕەش لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە، هەناردەکردنی دانەوێلە بە تایبەتیی گەنم لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان دەگوازرایەوە.