ڕۆژنامەی بریتانیایی دەیلی مەیل دەڵێ: ڕووسیە بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان و فڕۆشتنی نەوت لە کەشتییەکانی ئێران کەڵک وەردەگرێ.
ڕۆژنامەی بریتانیایی دەیلی مەیل، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لەزاری ڕێکخراوی نێونەتەوەیی یەکیەتیی بەدژی ئێرانی ناوکیی لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: ڕووسیە بۆ دەورلێدانی گەمارۆکانی ئەمریکا، بریتانیا و یەکیەتیی ئورووپا لەسەر وڵاتەکەی داوای هاوکاری لە ناوگانی دەریایی ڕێژیمی ئێران کردووە و کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیە، نەوتەکانیان بە کەشتییەکانی ڕێژیمی ئێران دەگوازنەوە .
هەرلەم پێوەندییەدا ڕێکخراوە مافە مرۆییەکان داوایان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کردووە کە، تێمێک بەناوی” ڕاوچییانی شەبەح” پێکبهێنن و ڕووبەڕووی کەشتییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە یارمەتی وڵاتی ڕووسیە دەدەن ببنەوە.
لەلایەکی دیکەوە یەکیەتیی بەدژی ئێرانی ناوکیی ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا ٥ کەشتیی ئێرانی لە ناوگانی شەبەح، دەسنیشان کراون کە نەوت لە ڕووسیەوە دەگوازنەوە بۆ چین و هێند.
ئیوێر ڕابێرتز، ڕاوێژکاری ڕێکخراوی یەکیەتیی بەدژی ئێرانی ناوکیی و بەرپرسی پێشووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم بارەوە دەڵێ: ڕووسیە بەکەڵک وەرگرتن لە ناوگانی “شەبەح”ی ئاخوندەکان بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ وڵاتانی جیهان لە شێوە و مێتۆدی ڕێژیمی ئێران کەڵک وەردەگرێ.