کامران مەلاپوور، پسپۆڕێکی دیکەی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنر بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.
ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕاگەیاندنەکان لەزاری ڕۆژنامەی ئیسرائیلی” یدیعووت ئاخرونووت” ڕایانگەیاند کە، کامران مەلاپوور، پسپۆڕی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراوە.
جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی کامران مەلاپوور، ڕایانگەیاندبووە کە ناوبراو خەڵکی شاری ئیزە لە پارێزگای خووزستان و خاوەن بڕوانامەی دوکتۆرای ناوکییە و لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز هەڵکەوتوو لە پارێزگای ئیسفەهان بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراوە.
جێگەی ئاماژەیە کە تا ئێستا هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ئێران هیچ کاردانەوەیەکیان بە نیسبەت ئەو هەواڵە نەبووە و هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل لەم پێوەنییەدا ڕایانگەیاندووە کە کوژرانی مەلاپوور لە نەتەنز، لەگەڵ کوژرانی ئەیووب ئینتیزاری لە یەزد و کوژرانی عەلی ئیسماعیلزادە لە کەرەج، هاوکات ڕۆژی سێشەممە ٩ی جۆزەردان ڕوویداوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەو سێ کەسە پاش کوژرانی حەسەن سەییاد خودایی، بەرپرسی جێبەجێکردنی تێرۆرەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و یەکێک لە فەرماندەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراون.