له مه‌هاباد پیشانگایه‌کی هاوبه‌شی خه‌ت‌خۆشیی دووبه‌یتییه‌کانی مامۆستا هه‌ژاری موکریانی بۆ ماوه‌ی حه‌وتوویه‌ک کرایه‌وه.
له‌و پیشانگا هاوبه‌شه‌دا که له ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌وه کراوه‌ته‌وه، دووبه‌یتییه‌کانی مامۆستا هه‌ژار له‌لایه‌ن ٣٧ هونه‌رمه‌ندی خه‌تخۆشه‌وه له کۆمه‌ڵه تابڵۆیه‌ک‌دا نه‌خشێندراوه‌و هه‌روه‌ها له توێی کتێبێک‌دا چاپ بووه.
به‌پێی ڕاپۆرتی ماڵپه‌ڕی ئه‌ده‌بی فه‌رهه‌نگیی “هاژه” له ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی پیشانگاکه‌دا قادر مرادی، سه‌رۆکی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ‌و ئیڕشادی مه‌هاباد ڕێزی له به‌ڕێوه‌به‌رانی پیشانگاکه‌و هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی خه‌ت‌خۆشه‌کانی مه‌هاباد بۆ ئه‌و پڕۆژه به‌بایه‌خه گرت. له درێژه‌ی به‌رنامه‌که‌ش‌دا سه‌لاح ئاشتی، نووسه‌ر، وه‌رگێڕو لێکۆڵه‌ری دیاری موکریان قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه کرد. ئه‌و گوتی ئه‌گه‌رچی کاری به‌کۆمه‌ڵ‌و گرووپی له بواری فه‌رهه‌نگی‌دا له کوردستان مێژوویه‌کی دوور‌و درێژی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی خه‌ت‌خۆشیی مه‌هاباد به به‌شداریی ٣٧ هونه‌رمه‌ند که چه‌ند که‌سیان غه‌یره کوردیشن، به‌بایه‌خ‌و، جێی ڕێز‌و پێزانێنێکی زۆره.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی خه‌ت‌خۆشه‌کانی مه‌هاباد وێڕای باس له پێشێنه‌ی چالاکییه‌کانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌و کردنه‌وه‌ی ٦٠ پیشانگای ئه‌نجومه‌نه‌که، ئامانجه‌کان له‌و پڕۆژه هونه‌رییه‌ی شی کرده‌وه.
ئه‌و گوتی بڵاوکردنه‌وه‌ی دووبه‌یتییه‌کانی مامۆستا هه‌ژار له‌لایه‌ن 37 خه‌ت‌خۆشی ئه‌نجومه‌ن‌و هه‌روه‌ها تۆمارکردنی ئه‌و پڕۆژه هاوبه‌شه وه‌ک بڕگه‌یه‌ک له زه‌مه‌نی کاریی ئه‌نجوومه‌ن دوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی ئه‌و پڕۆژه‌یه بوون.
له دوابڕگه‌ی کردنه‌وه‌ی پیشانگاکه‌ش‌دا کۆمه‌ڵێک گۆرانی‌و بڕگه‌ی مۆسیقی پێشکێش کران‌و پاشان په‌رده له‌سه‌ر کتێبی” دووبه‌یتییه‌کانی مامۆستا هه‌ژار” لادراو پیشانگاکه کرایه‌وه.