کتێبی “شەری ناسنامە و سەنگەری زمان”، لە نووسینی قادر وریا، مامۆستای زانکۆی کۆیە و خوێندکاری دوکتۆرای زمانی کوردییە کە جیا لە پێشەکی 10 وتار، ٣ توێژینەوە، ٣ وتووێژ و ٣ ڕوانگەی نووسەر بۆ کتێبگەلی جیاوازی پێوەندیدار بە پرسەکانی زمان و زمانەوانیی لە خۆ گرتوە. بەگشتی پێڕستی ئەم کتێبە لە ١٩ بەش پێکهاتووە و لە دووتوێی ٢٣٢ لاپەڕەدا ئامادە کراوە و پاش ئەوەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی کتیبخانە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی لاوان و ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی چاپکردن و ژمارەی سپاردنی پێ دراوە، لەلایەن چاپخانەی ڕۆژهەڵات لە شاری هەولێر و لە مانگی بانەمەڕ (گوڵان)ی ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی چاپ کراوە.
زۆربەی بابەتەکانی نێو ئەم کتێبە پێشتر لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕە کوردییەکاندا بڵاو بوونەتەوە و پاشان هەموویان لە دووتوێی ئەم کتێبەدا کۆ کراونەتەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە مادام ئەم بابەتانە پێشتر بڵاو بوونەتەوە، ئامانجی نووسەر لە کۆکردنەوەیان لە دووتوێی کتێبێکی لەم چەشنە چییە؟ بەڕێز قادر وریا لەم بارەیەوە بە ڕۆژنامەی “کوردستان”ی ڕاگەیاند: “ئەم بابەتانەی کە کتێبی “شەڕی ناسنامە و سەنگەری زمان”یان پێک هێناوە، سەرجەمیان پێوەندییان بە زمان و بەتایبەت زمانی کوردییەوە هەیە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە کاتی جیاواز و لە شوێنی جیاوازدا بڵاو بوونەتەوە و ئەگەر خوێنەر یان توێژەرێک بیهەوێت بەدەستیان بهێنێت، پێویستە کاتی زۆریان بۆ تەرخان بکات، چونکە لە سەرچاوەی جیاوازدا بڵاو بوونەتەوە، هەم سەرچاوەکان جۆراوجۆرن (وەکوو گۆڤار، ڕۆژنامە و ماڵپەڕ) و هەم ساڵ و کاتی بڵاوبوونەوەیان جیاوازە. دیارە بابەتی ئەوتۆش لەنێویاندا هەیە کە تاکوو ئێستەش بڵاوم نەکردووەتەوە. بۆیە بە کۆکردنەوە و چاپکردنەوەیان لە دووتوێی یەم کتێبەدا ویستوومە دەرفەتێکی تریان بۆ بڕەخسێنم تاکوو هۆگرانی ئەم جۆرە باسانە ئاسانتر دەستیان پێ ڕابگات. خۆتان دەزانن کە بابەتی ڕۆژنامەوانی و ماڵپەڕەکان ماوەیەکی کورت لەبەرچاو دەبن و دواتر وەبن بابەتی نوێتر دەکەون، بەڵام کتێب لە کتێبخانەکاندا دەمێنێتەوە و بە شێوەیەکی بەردەوام هۆگران و خوێنەران دەستیان پێ ڕادەگات.”
ناوی کتێبەکە بە شێوەیەکی جیاوازتر سەرنجی بینەری کتێبەکە و خوێنەر ڕادەکێشێت. لەڕاستیدا ناوی کتێب گرنگییەکی زۆری هەیە و دەکرێت بگوترێ ناوی هەر کتێبێک بە شێوەیەک پێناسەی ناوەڕۆکی ئەو کتێبەیە، بۆیە نووسەر زۆر وردبینانە و بە ڕوانگەیەکی قووڵەوە ناوی “شەڕی ناسنامە و سەنگەری زمان”ی بۆ کتێبەکەی هەڵبژاردووە، بە واتایەک ناوی ئەو کتێبە دەرخەری ئەوەیە کە سەنگەری زمان لە شەڕی ناسنامەدا ئێکجار گرنگە. کاک قادر وریا لەسەر ناوی کتێبەکەی و ئەو گرنگییەی سەنگەری زمان لە شەڕی ناسنامەدا، گوتی: “لەڕاستیدا ئەو ناوە لەو بۆچوون و ڕوانینەوەم سەرچاوە دەگرێت کە ئیمە وەک نەتەوەی کورد بەتایبەت لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لە خەباتداین بۆ بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی و بۆ پاراستنی و، ناچارکردنی ڕێژیمی ئێران بە داننان بە ناسنامەکەمان و هەوڵدان بۆ بەفەرمیناسینی. زمان دیارترین فاکتەری ناسنامەی نەتەوەکەمانە، خەبات بۆ بەفەرمیناسینی زمانی کوردی لە ئێران و دابینکردنی جێگە و پێگەی شیاو بۆ ئەو زمانە، یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی چالاکان، تێکۆشەران و دڵسۆزانی نەتەوەکەمان لە نێوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستانە. لەڕاستیدا ئەوان زمانیان کردووە بە سەنگەرێک بۆ بەرگریکردن لە مافە ڕەوا نەتەوەیییەکانیان، بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان. لەم بارەیەشەوە “زمان” لە خەباتی ئێمەی کوردددا بووەتە سەنگەر، چونکە هەتا وشیاریی زمانیمان زیاتر بێ، هەتا زیاتر گرنگی بە پاراستن و خزمەتکردنی زمانەکەمان بدەین و لە بەرانبەر هەڕەشە و مەترسییەکاندا بەرگریی لێ بکەین، باشتر دەتوانین ناسنامەی نەتەوەییی خۆمان بپارێزین و لە بەرانبەر سەرکوت و سڕینەوەی نەتەوەیی و زمانیی خۆمان بوستینەوە.”
لەسەر نێوەڕۆکی کتێبەکە، لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی بەوە کراوە کە؛ لەم کتێبەدا کۆمەڵێک توێژینەوە، وتار و بابەت هەن کە تەوەری سەرەکیی بەشێکی بەرچاویان گرنگیی بایەخدان بە زمان لە خەباتی ناسنامەخواز و ناسنامەپارێزیدایە. زۆرجار پێشەکی بە دەروازیەک بۆ ناوڕۆکی کتێب ئەژمار دەکرێت، بۆیە نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئەم باسەی ورووژاندووە. لەم پێوەندییەدا کاک قادر زیاتر لەسەر نێوەڕکی کتێبەکە و بابەتەکانی ناو کتێبە بۆ “کوردستان” ڕوونکردنەوەی دا و وتی: “لەم کتێبەدا سێ توێژینەوە هەیە، یەکەمیان لەسەر سیاسەتی زمانی لە ئێرانی ئێستایە، توێژینەوەیەکیش تایبەتە بە هۆیەکان و جۆرەکانی کاریگەریی زمانی فارسی لەسەر شێعری کلاسیکی کوردی. توێژینەوەی سێهەمیش پیوەندیی بە شۆڕشەکانی مێژووی زانستی زمانەوانییەوە هەیە. چەند چاوپێکەوتنێکیش لەناو کتێبەکەدا هەن کە پێوەندییان بە سیاسەتی زمانی لە حیزبی دێموکراتدا هەیە، بەرنامە و پەسەندکراو و هەوڵەکانی ئەم حیزبە لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە بارەی خزمەتی زمانی کوردی باس کردووە. کۆمەڵێک وتار و بابەتی دیکەش لە کتێبەکەدا هەن کە تیشکیان خستووەتە سەر سیاسەتی تاکزمانی لە ئێران و ڕوانگەی دەسەلاتدارانی ئێران و ناوەندە پێوەندیدارەکانیان لە پێوەندی لەگەڵ پرس و داوای مافە زمانییەکاندا، بەرپەرچ دراونەتەوە.”