من بە یادی ئەو ھەڵۆیەی کەم ژیاوە بوومە باڵ
ڕوو لە بەرزی ھەر دەژیم تاکوو ھەناوی ئاسمان
بۆ ناسینی سووژەی “هەگبەی شاخ و شۆڕش”ی ئەمجارە سەرێک لە ناوچەی موکریان هەڵدێنین. ئەگەرچی کارێکی دژوارە باسی کەسێک بکەم کە تا دواساتی ژیانی و تەنانەت تا دواهەناسەی ژیانیشی لە تەنیشتی بووم. بە چاوێکی پڕ لە گریانەوە لە ماڵە خنجیلانەکەی خۆمدا چاو بە کتیبخانە چووکەکەمدا دەخشێنم و دەست دەدەمە دەفتەرێک کە ماوەی ٣٤ ساڵە پاراستوومە. کاتێک لاپەڕەکانی ئەو دەفتەرە هەڵدەدەمەوە شەهید بە دوای شەهید چاوم پێیان دەکەوێ و کوڵی گریانم هەڵدەستێ و فرمێسکەکانم بە چاومدا ڕیز دەبەستن.
بیرەوەریی ئەو دەفتەرە و نووسینەکانی بۆ ساڵی ١٣٦٧ دەگەڕێتەوە. کاتێک ئەو دەفتەرەم دانا و بڕیارم دا هەر کەس ببێتە پێشمەرگە گۆشەیەک لە ژیانی و وێنەیەکی لەسەر تۆمار بکەم، کە دواتر هەمووی بە خەتی خۆشی محەممەد عەلیزادە نووسرانەوە. لەبیرمە کاتێک گەیشتە نووسینەوەی ژیاننامەی خۆی دەستی ڕاگرت و گوتی: “چووکەلی سوێندت دەدەم بە خوێنی شەهیدان هەرکات شەهید بووم و ڕادیۆ خوێندیەوە، دوای ژیاننامەکەم شەهرامی نازری بڵاو بکەنەوە”. محەممەد هەستێکی تایبەتیی بۆ ئەو هونەرمەندە هەبوو و لەوپەڕی ماندووبوونیشدا گوێی لە دەنگی شەهرام گرتبایە، دەحەسایەوە.
هیچکات شەوی شەهیدبوونی لەبیر ناکەم. شەوی ٢٥ی پووشپەری ساڵی ١٣٧٢ ده دهقە پێش شه‌هیدبوونی بوو كه پێشڕه‌وه‌كان بەڕێی سەر جادەی بانە-مەریوان کرابوون و چاوەڕوانی وەڵام بووین کە ئەگەر هیچ هەواڵێک لە دوژمن نەبێ لە جادە بپەڕینەوە. گوتم: محه‌ممه‌د بۆ وا بێده‌نگی، هه‌سته بزانه چ خه‌به‌ره؟ هیچ وڵامێكی نه‌بوو. پاشان گوتی وا هه‌ست ده‌كه‌م ئەمە دواساته‌كانی ژیانمه. گوتم: بیر له‌و شتانه مه‌كه‌وه. تۆ کەی حیسابت بۆ دوژمن کردوە؟
شۆڕبووینه‌وه بۆ سه‌ر جاده. پێشڕه‌وه‌كان جاده‌یان گرتبوو، هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان له جاده په‌رینه‌وه و ته‌نانه‌ت 100 میتریکیش له جاده تێپه‌ڕیبووین كه محه‌ممه‌د گوتی: چووكه‌ڵی دڵم زۆر توند لـێدهدا ڕاوه‌سته سیگارێك ده‌كێشین. هێشتا وڵامم نهدابۆوە كه ده‌ستڕێژیان لـێ كردین و محه‌ممه‌د به‌سه‌ر شانی مندا كه‌وت. دوژمنی ترسەنۆک تەنیا دوو دەستڕێژیان کرد، خۆیان نەگرت و ڕایان کرد؛ بەڵام شەوپەرستان کاری خۆیان کردبوو.
محه‌ممه‌د عەلیزادە ساڵی 1347ی هه‌تاوی له ئاوایی “سه‌قزلوو”ی ناوچه‌ی فه‌یزوڵابه‌گیی بۆكان له‌دایك بوو. بنەماڵەکەی سەرەڕای نه‌داری و نەبوونی دەینێرنە قوتابخانە. له به‌ره‌به‌ری ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1357دا ماڵەکەیان دێتە شاری بۆكان. محەممەد نەیتوانی پتر لە قۆناغی سەرەتایی بخوێنێ، بەڵام هه‌ركات بێكار بووایه، دەچووە لای یه‌كێك له خۆشنووسانی شاری بۆكان و فێری خۆشنووسی ده‌بوو. ئەو له ماوه‌یه‌كی كورتدا له خه‌تی ورد و درشت و نەستەعلیقدا سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی وه‌ده‌ستهێنا.
محەممەد ساڵی 1363 هاته ڕیزی پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكرات و له لكی چواری هێزی شه‌هید پێشه‌وادا سازمان درا. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا ڕه‌وانه‌ی فێرگه‌ی سیاسی نیزامی كرا و پاش تێپه‌ڕكردنی سه‌ركه‌وتووانه‌ی ده‌وره هاتە هێزی به‌یان و له لكی یه‌كدا سازمان درا. محه‌ممه‌د له هێزی به‌یانیش جێگای خۆی كرده‌وه. ئەو پێشمه‌رگه‌یه‌كی دڵپاك، قسه‌خۆش و نوكتهزان بوو. ساڵی 1365 له‌لایه‌ن كومیته شارستانی بۆكان بەڕێی ده‌وره‌ی ڕێزمانی كوردی كرا و بهسهركهوتنهوه ئه‌م قۆناغه‌شی بڕی و ئەمجار ئەو بوو کە هاوڕێیانی پێشمه‌رگه‌ی نه‌خوێنده‌واری فێری خوێندن و نووسینی كوردی ده‌كرد.
شەهید محه‌ممه‌د لە ماوەیەکی کورت‌دا لێهاتوویی و دڵسۆزیی خۆی نیشان دا و دەریخست کە لاوێکی ئازا و فیداکار و بەجەرگە. دەریخست کە باوەڕی حیزبیانەی قایم‌وقۆڵە. بەمجۆرە زۆری نەکێشا فیداکاری و هەست بە بەرپرسایەتیکردنی محه‌ممه‌د بوو بە وێردی سەر زمانی هاوسەنگەرانی. محه‌ممه‌د به‌هۆی نه‌ترسی و ئازایه‌تی ساڵی 67 وه‌ك جێگرپه‌ل دیاری كرا. هه‌ستكردن به به‌رپرسایه‌تی له ئاستی ئه‌ركه‌كانی حیزب و بزووتنه‌وه لە تایبەتمەندییەکانی محەممەد بوو. ئەو مرۆڤێکی بە ورە و لەخۆبوردوو بوو. لەبیرم ناچێ کاتی شەهیدبوونی ڕێبەری گەورەمان شەهید دوکتور قاسملوو چۆن دڵدانەوەی هاوسەنگەرانی دەدا و ورەی وەبەر دەنان.
محەممەد ساڵی 68 ده‌وره‌ی فیلمههڵگرتنی دیت و ساڵی 69 وه‌ك هاوكاری كادر و سه‌رپه‌ل دیاری كرا. ساڵی 70 نێردرایە ده‌وره‌ی سیاسیی كادر و هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا به‌سه‌ركه‌وتوویی ئەو قۆناغەشی بڕی. ئەو ساڵی 71 وه‌ك جێگری لك دیاری كرا و هه‌ر ئه‌و ساڵه ده‌وره‌ی فه‌رمانده‌ری و مودیرییه‌تی بینی و له ساڵی 1372دا ئەرکی فه‌رمانده‌ری لكی پێ سپێردرا. محه‌ممه‌د له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی بۆكان و چه‌ندین عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی “2ی ڕێبه‌ندان”، “ئاربابا” و “پێشه‌وا”دا به‌شداریی چالاكانه‌ی هه‌بوو. ئەو لە شه‌ڕەکانی وه‌نه‌وشه، سه‌رتوون، بهردهههڵۆ، گرتنی توپخانه‌ی حوسێن ئاباد و مۆڵگەکانی ڕێژیم لە باغڵوجه، نۆبار، سه‌رجاده‌ی بانه-سه‌قز، بۆكان- میاندواو و مەهاباد-بۆكان و چه‌ندین شه‌ڕی گه‌وره و بچووكی دیكەدا حەماسەی نواند. محەممەد له ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تییدا دوو جار بریندار بوو، بەڵام ئەمە هیچكات شوێنی له‌سه‌ر وره‌ی دانەنا. ئازایەتی و هەموو ئەو تایبەتمەندییانە ئەویان کردبوە خۆشەویستی هەموو هاوسەنگەرانی. ئەو خاوەنی خوو و ڕەوشتی شۆڕشگێڕانە بوو، لە کورەی ژیانی سەخت و دژوار‌دا، و لەمەیدانی نۆ ساڵ شەڕ و بەربەرەکاندا قاڵ ببوو. زۆر به‌داخه‌وه کە زۆر نه‌ژیا تا زیاتر خزمه‌ت به حیزب و گه‌له‌كه‌ی بكا.
پێشمەرگەکانی هێزی بەیان شه‌وی 25/4/1372 له‌كاتی په‌ڕینه‌وه له جاده‌ی بانە- مه‌ریوان له نزیك گوندی “سێفهتاڵه”ی سه‌قز كه‌وتنه كه‌مینی دوژمن و له یه‌كه‌م ده‌سترێژی به‌كرێگیراوانی ڕێژیم‌دا محەمەد و هاوسه‌نگه‌رێكی دیكه‌ی به ناوی ئه‌بوبه‌كر مه‌عرووفی ناسراو به ئه‌بوبه‌كر كانیدرێژی سینگیان پێکرا و خوێنی گه‌شیان له‌گه‌ڵ خاكی نیشتمان ئاوێته بوو و ده‌سته‌ملانی دایكی وه‌ته‌ن بوون. ڕوحیان شاد.