کەماڵ شەریفی کوڕی بایەزید، ڕۆژنامەنووس یەکێکی دیکە لە زیندانییە سیاسییەکانی کوردە کە لە ساڵی ١٣٥١ لە شاری سەقز لەدایک بووە. کەماڵ قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی تا وەرگرتنی بڕوانامەی دیپلۆم لەو شارە تەواو کرد.
کەماڵ ساڵی ١٣٦٧ بۆ یەکەم جار لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت بە تۆمەتی “بڕینی سنوور” و “هاوکاریکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان” دەستبەسەر و بۆ ماوەیەک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز و زیندانی سەردەشت و پیرانشاردا زیندانی کرا. سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز لە ساڵەکانی ٦٨ و ٦٩ شدا چەند جاری دیکە کەماڵیان بە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و کار و چالاکی بۆ ئەو حیزبە دەستبەسەر کرد. دواجار پەروەندەکەی درایە دادگای شۆڕشی سەقز و لە بەهاری ساڵی ١٣٦٩دا کەماڵ بە ساڵێک زیندان و لێدانی ٤٠ قامچی حوکم درا.
کەماڵ شەریفی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد بوو، خۆی گەیاندە ڕیزەکانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان. کەماڵ لە ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتییدا بە کاری ڕۆژنامەنووسی و پەروەردەییەوە سەرقاڵ بوو، و هاوکات هاوکاریی ڕۆژنامەکانی باشوور لە شارەکانی هەولێر و سلێمانیی دەکرد. ئەو ساڵی ١٣٨٧ هەتاوی لەگەڵ شێخ غەریب حەسەنی، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەدیبان، نووسەران، مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییە فەرهەنگی و هونەرییەکان چوونە نێو شاری سەقز. پاش چەند رۆژ مانەوە لە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ئەو ساڵەدا لە ماڵی کتێبفرۆشێکی خەڵکی ئەو شارەدا گەمارۆ دران و کەوتنە بەر هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران. لەو ڕووداوەدا شێخ غەریب شەهید و کەماڵ دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز کرا.
کەماڵ شەریفی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە خرایە ژێر سەختترین ئەشکنجە و هەروەک بۆخۆی لە نامەیەکدا دەڵێ:” لە ماوەی شش مانگ دا لەژێر ناخۆشترین گوشارەکاندا بووم و تەنانەت یەک کەسیشم نەدی. ئەو کەسانەی لێپرسینەوەیان لێ دەکردم بە دموچاوی بەستراوەوە دەهاتن لێپرسینەوەیان دەکرد و زۆرجار بە باتۆم و شۆکی کارەبایی ئەشکنجەیان دەدام. جار هەبووە بۆ ماوەی حەوتوویەک بە پێبەند و کەلەپچە منیان لەنێو حەبسی ئینفڕادیی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا هێشتۆەتەوە.” ئەو ئەشکەنجە قورسانە کاریگەریی زۆریان لەسەر لەشی کەماڵ داناوە و لەو سۆنگەیەوە تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی بووە کە ١٥ ساڵە پێیانەوە دەناڵێنێ، ئازاری ڕوحیی ئێعدامکرانی دوو هاوبەندی بە ناوەکانی “شێرکۆ موعارفی” و “ئێحسان فەتاحیان”یش لەجێی خۆی کە کەماڵ ئێستاش بە حەسرەتەوە ناویان دێنێ.
کەماڵ دوای شەش مانگ ئەشکەنجەی قورس ناچار بە داننانی زۆرەملێ بە تاوانی نەکردووی بوو و دوای ئەوەی بەڕێی زیندانی ناوەندیی شار سەقز کرایەوە، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “شایەق” دادگایی کرا. ئەو بەتۆمەتی “موحاڕبە” و ئەندامەتی لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا سەرەتا سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا کە ئەو حوکمە دوای تانەلێدان لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی میناب لە پارێزگای هورموزگانی کەم کرایەوە. ئەو لە ماوەی بەندکرانیدا لە تەواوی مافەکانی زیندانییەکی سیاسی، مەرەخسی، کارکردن و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراوە.
کەماڵ لە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بەڕێی زیندانی ناوەندی شاری میناب کرا. ئەو ساڵی ١٣٩١ ی هەتاوی بە هۆی مانگرتن لە خواردن تووشی جەڵتەی مێشک بوو و بەشی ڕاستی گیانی لەکار کەوت. ئەو لە ١١ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لە زیندانی میناب ئەمجارەیان تووشی جەڵتەی دڵ بوو. دوای ئەوە بوو کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ دۆخی نالەباری جستەیی کەماڵ شەریفی ناڕەزایەتیی دەربڕی و خوازیاری ئازادکردنی بوو.
کەماڵ شەریفی لە نامەیەکدا کە لە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠ دا گەیاندیە دەرەوەی زیندان، بەمجۆرە باس لە دۆخی نالەباری خۆی لەو ماوەی بەندکرانیدا دەکا: “… لە ماوەی ١٣ ساڵ بەندکرانمدا ٢٠ جار بە نووسینی نامە بۆ دادستان، سەرۆکی دادگای پارێزگای هورمزگان و هەروەها پارێزگاری ئەو پارێزگایە دوای مەرەخسیم کردوە، بەڵام وەڵامی هیچ کام لە نامەکانم نەدراوەتەوە… ئێستاش هەر ئاسەوارەکانی جەڵتەی مێشک بە دموچاومەوە دیارە… .” ئەو هەر لەو نامەیەدا باس لەوە دەکا، کە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەدا کە لە زینداندایە سەرەڕای نەخۆشیی دەزگای هەرس، جەڵتەی دڵ و مێشک و ڕاگیرانم لە بەندی تاوانە ئاساییەکاندا هەر وا خۆڕاگرم.” ئەو دەڵێ نەبوونی پێناسەی تاوانی سیاسی یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەو کەسانەیە کە لەم سۆنگەیەوە بەندکراون. جیاکردنەوەی بەندکراوانی سیاسی و ئەمنییەتی، تاکتیکێکە لە دەستی هێزی دادوەری و دادوەر کە بتوانن بە پێی ڕای تایبەتیی خۆیان و ئوڕگانە ئەمنییەتییەکان، تۆمەتێکی سیاسی بکەن بە ئەمنییەتی و بە پێی بڕیارەکانی قورعان تۆمەتی “محارب” و شەڕ لە گەڵ خودا و خراپەکار لە ناو کەیسەکەدا بنووسن. بەندکراوی ئەمنییەتی یانی “مەحارب” و بە خراپەکار زانینی هەموو خەباتکارانی کورد، بەلووچ و عەرەب، یانی بەلاڕێدابردنی ویست و هیوای ئازادیخوازی لە ئێراندا. یانی ئەوەیکە دادوەر بە ئاسانی بتوانێ پێنووسی بیک، کەیسی کامپیوتێر و موبایل بکا بە کڵاشینکۆف، بۆمب و قومبەلە. یانی گۆڕینی ویستی ئازادیخوازی بۆ ڕووخاندن و تێکدان.
کەماڵ شەریفی کە ئێستا ١٤ ساڵە بەبێ یەک ڕۆژ مەرەخەسی بەند کراوە لە ڕەنجنامەکەیدا دەنووسێ: “… تۆ هێشتا هەر لێرەی؟ ئەم پرسیارە زیاتر لە سەد جار و بە سەرسووڕمانەوە لە زمانی ئەو کەسانەوە کە لە بەندیخانە ئازاد کراون و دیسان کەوتوونەتەوە بەندیخانە، لێم کراوە و کەسانێک هەن کە لەم ماوەی نزیک بەو ١٣ ساڵەدا زیاتر لە چوار تا پێنج جار لە بەندیخانە ئازاد کراون و دیسان بە تاوانێکی دیکە کەوتوونەتەوە بەندیخانە، کەسانێکیش هەن کە زیاتر لە چوار جار بە تاوانی جۆراوجۆر گەڕاونەتەوە بۆ بەندیخانە و کاتێک دەمبینن، دەپرسن تۆ هێشتا لێرەی؟ نەچووی بۆ مەرەخەسی؟…”