لە شارەکانی پاوە، ئیلامو ئابدانان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک مانگرتنو نارەزایەتی دەربڕینی کرێکاران بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد کۆمەڵێک لە کرێکارانی گرێبەستیی شیرکەتی بڕقی ئیلام ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی بانەمەڕ لە بەردەم ئەو ئیدارەیە لە بڵواری مودەڕیس کۆبوونەوە.
ناڕەزایەتیی ئەوان بەهۆی دواکەوتنی مووچەو حەقدەستەکانیان بووە.
لە شاری ئابدانانیش کۆمەڵێک لە کرێکارەکە دەرکراوەکانی شیرکەتی “پگاە” بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرکرانیان کۆبوونەوە. ئەو کرێکارانە لە کۆبوونەوکەیاندا کە لەبەردەم ئەو شیرکەتە لە شارۆچکەی سەنعەتیی ئابدانان بەڕێوەچوو، داوایان کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
لە شاری “بەدرە”ش کرێکارانی شیرکەتی بەرهەمهێنانی لوولەی دەربەند بەهۆی پێنەدانی مووچەی ٤ مانگی ڕابردوویان کۆبوونەوە. ئەوان دەڵێن بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان بۆ ماوەی چەند مانگ بەرەوڕووی کێشەی ژیانو بژیوی بنەماڵەکانیان بوونەتەوەو داوای پێدانی مووچەکانیان کرد.
کارمەندە گرێبەستییەکانی ئیدارەی ئەوقافی شاری پاوەش کە ماوەی سێ مانگە مووچەیان نەدراوەتێ، نارەزایەتییان دەربڕی.
لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەواندا کە لە شەقامی ئیمام شافعیو بەرەوڕووی مزگەوتی جامعیە بەڕێوەچوو، داوا کرا لە زووترین کاتدا وەڵامئ داخوازەکانیان بدرێتەوە.
هەر لە شاری پاوە کرێکارەکانی بەشی بیناسازیی شارەداریی ئەو شارەش لە بەر دەرکی ئیدارەی کار کۆبوونەوە.
ئەوان دەڵێن زیاتر لە دوو ساڵە حەقی بیمەکانیان تێنەکراوەو هەروەها مووچەی مانگانەیان زۆر کەمەو داوای تێکردنی حەقی بیمەو زیادکردنی حەقدەستەکانیان کردوە.