دوو مامۆستای بەندکراو لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران
مەسعوود نیکخا و شەعبان محەممەدی دوو مامۆستای دەسبەسەرکراوی کورد، خەڵکی مەریوان کە هاوکات ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرییی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی مەریوانن، بە شێوەیەکی لەناکاو لە یەکێک لە دەسبەسەرگە ئەمنییەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراونەتەوە و ڕێگەی پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنییەوە بنەماڵەکانیان ئاگادار کردووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە مەسعوود نیکخا لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان کەمتر لە دوو خولەک و ئەویش بە زمانی فارسی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسەی کردووە و هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ئەسکەندەر لوتفی یەکێکی دیکە لە مامۆستا دەسبەسەر کراوەکانی مەریوان کە ئەمڕۆ حەوتەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنەکەی تێپەڕ دەکات، لە بەر دەستدا نییە.
ئەسکەندەر لوتفی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ دوو مامۆستای دیکە بە ناوەکانی مەسعوود نیکخا و شەعبان محەممەدی لە جادەی سنە – مەریوان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا کە شەعبان محەممەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کرا.
مەسعوود نیکخا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ ئازاد کرا و ڕۆژی پێنجشەممە سەرلەنوێ دەسبەسەر کرایەوە. شەعبان محەممەدیش ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕ سەر لە نوێ دەسبەسەر کرایەوە و ئەم سێ مامۆستایە هەتا ئێستا دەسبەسەرن.