خامنەیی بە بێ ئەوەیکە باسی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی ئێران بکا و باس لە گرانییە لەڕادەبەدەرەکان بکا، ولاتانی ڕۆژاوایی بە هاندانی خەڵکی ئێران بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین تۆمەتبار دەکا.
عەلی خامنەیی، ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە ساڵوەگەڕی مردنی خومەینیدا، سەرەڕای وتنی ئەوەیکە وڵاتانی ڕۆژاوایی خەڵکی ئێران بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین هاندەدەن وتی: گرینگترین هیوای دوژمنانی ئێران بۆ زەربە لێدان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، پشتبەستن بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێرانە.
عەلی خامنەیی لەبەشێکی دیکە لە قسەکانیدا دژایەتیی خەڵکی ئێرانی لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بە لێکدانەوەی هەڵەی ئەمریکا ناوبرد و وتی: هێندێک کەسی هەڵخەلەتێندراوی ئێرانیی زانیاریی هەڵە لەهەمبەر ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران بە ئەمریکا دەدەن.
ناوبراو بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان و بەبێ ئەوەیکە باس لە کێشەکانی خەڵکی ئێران بکا دەڵی: خەڵکی ئێران هیچ جۆرە کێشەیەکیان لەگەڵ دەسەڵات نییە و تەنیا وڵاتانی دەرەوەن کە خەڵک بەدژی دەسەڵات هاندەدەن و کەسانێکی سەر بە وڵاتانی رۆژاوایی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەڵێن کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتۆتە بونبەست.
خامنەیی لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە سپای پاسداران و پشتیوانانی خۆی کرد کە شەڕێکی گشتگیر بەدژی دوژمنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێک بێنن ڕووبەڕووی نەیارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببنەوە.