لە کۆبوونەوەی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیستدا، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی چالاک و خاوەن پێشینە بە کۆبوونەوەی شۆڕا ناسێندرا.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەی شۆڕای ڕێبەریی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست لەژێر درووشمی “ئەجێندای ٢٠٣٠ و ئاڵەنگارییەکانی ئێوە” بە گرنگیدان بە ڕۆژی جیهانی زەوی، چالاکییەکانی خۆی لە تیرانای پایتەختی ئالبانی بە بەشداری ٨٩ ڕێکخراو لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و مەدیتەرانە و ئافریقا و ئامریکای لاتین دەست پێکرد.
سەرەتای کاری شۆرا تەرخانکرابوو بە کۆبوونەوەی سەرجەم کۆمیتەکان و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تایبەت بە کێشە و ئاریشەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان و هەروەها چالاکییەکانیان لەمەودای یەک ساڵی ڕابردوو، پاشان کۆبوونەوەی ڕەسمی شۆڕا بە پەیامەکانی سکرتێری یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست و لاوانی سوسیالیتی ئالبانی و شارەداری تیرانا دەستی پێکرد.
لە دوای پێشکەشکرانی ڕاپۆرتی کۆمیتەکان، دەنگی متمانەیان بۆ ڕاپۆرتەکان وەرگیرا و لە ڕاپۆرتەکانی سەیف عەقیل جێگری سەرۆکی لاونی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست لە ناوچەی مەدیتەرانە و هەروەها بروونۆ گۆنزالێس سکرتێری گشتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیستدا، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی چالاک و خاوەن پێشینە بە کۆبوونەوەی شۆرا ناسێندرا کە لەلایەن زۆرینەی ڕێکخراوەکانی بەشدار لە شۆرادا پێشوازیی گەرم لە چالاکی و هەڵسووڕانی یەکیەتیی لاوان کرا.
شایانی باسە شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەندامی کۆمیتەی مەدیتەرانەی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست بە سەرپەرەستیی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان و بە پێشکەش کردنی سێ بڕیارنامە لەو کۆبوونەوەیە بەشدارە.