میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، تەنیا یاریگای وەرزشیی شاری زۆممار لە ناوەندی یەمەنیان کردۆتە پادگانێکی سەربازیی بۆ ڕاهێنانی منداڵان و بەڕێکردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی نیوز یەمەن، ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی بڵاو بووەتەوە، محەممەد ئەلبەخیتی، فەرمانداری هەڵبژێردراوی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، تەنیا یاریگای وەرزشیی شاری “زۆممار”ی کردۆتە پادگانێکی ڕاهێنانی سەربازیی بۆ منداڵان و لەو یاریگایەدا ڕاهێنانی سەربازیی بە منداڵی تەمەن ١٠ساڵ دەکەن و پاشان دەیاننێرن بۆ بەرەکانی شەڕ.
هەواڵدەریی نێوخۆیی” نیوز یەمەن” لەم پێوەندییەدا لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێ: ئەو یاریگا وەرزشییە بەجێگەی ئەویکە ببێتە شوێنێکی وەرزشیی بۆ لاوان و گەنجانی یەمەن، لەلایەن میلیشیا حووسییەکانەوە کراوەتە پادگانێکی ڕاهێنانی سەربازیی بۆ ئەو منداڵانەی کە لەسەتا ٩٠یان تەمەنیان لەژێر ١٠ بۆ ١٥ ساڵە .
لەلایەکی دیکەوە مەعمەر ئەلڕیانی، وەزیری زانیارییەکانی یەمەن دەڵێ: سەرەڕای ئەو ئاگربەسەی کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ماوەی ٢ مانگ درێژکراوەتەوە میلیشیا حووسییەکان بەردەوامن لە ڕاهێنان و مەشق کردنی سەربازیی بە منداڵان و بەڕێکردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ.
ئەلڕیانی لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: حووسییەکان بە بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران منداڵانی تەمەن ١٠ تا ١٥ ساڵ کۆ دەکەنەوە و ڕاهێنانی سەربازییان پێدەکەن و ئەو کارەی میلیشیا حووسییەکان هەمان بیرۆکەی بە بەسیج کردنی منداڵانە لە ئێران.