زیاتر لە ٦٥٠ کەس زیندانیی سیاسی، چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و مامۆستایان لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ناڕازی ئێران دەربڕێ و خوازیاری ئازادکردنی دەسبەسەکراونی خۆپیشاندانەکانی ئەم داوییانە و زیندانیانی سیاسی بوون.
کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی، بنەماڵەی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی ئێران، کە ژمارەیان زیاتر لە ٦٥٠ کەس بوو، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە ژێر ناوی “نا بۆ زوڵم” وێڕای دەربڕینی هاودەردیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ناڕازی، جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە دەربڕینی ناڕەزایەتی و هاتنە سەر شەقام مافی شارۆمەندانە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هەر وەک چۆن دەسەڵاتدارەکان شەقامەکانیان بە بۆنە جۆراوجۆرەکانەوە خستۆتە ژێر دەسەڵاتی دستوپێوەندییەکانی خۆیان، هەر بەو شێوەش مافی خەڵکە کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و ویست و داواکانی خۆیان بێنە سەر شەقامەکان.
واژۆکەرانی بەیاننامەکە لەدرێژەدا خوازیاری ئازادکردنی خێرا و بەبێ مەرجی دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانەی خۆپیشاندانەکانی ئێران و هەموو زیندانیانی سیاسی بوون.
جێی ئاماژەیە کە زیندانیانی سیاسی، چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی، کرێکاری، مامۆستایان، شاعیران و نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەر و چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و مافی مرۆڤ لە واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیەن.