چالاکێکی بواری مافی ژنان زیاتر لە چل ڕۆژە لە شاری بانە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەر کراوە و لە بەندی قەرەنتینەی ناوەندی چاکسازی و پەروەرەدەی شاری سنە ڕاگیراوە.
“پەروین عەبدوڵاپەنا” یەکێک لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان لە بانە کە چل ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شاری بانە دەسبەسەر کراوە، هێشتا لە بەندی قەرەنتینەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە ڕاگیراوە و ڕۆژانە هەتا کاتژمێر ٢ی نیوەڕۆ دەبرێتە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێ.
ناوبراو لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و بە هاوکاریی لە گەڵ حیزبێکی کوردستانیی دژبەری حکومەتی ئێران تۆمەتبار کراوە.
ئەو ژنە چالاکوانە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، هاوڕێ لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی حەسەن عێزەتی و ٦ چالاکی کرێکاری و مەدەنیی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕیژیمەوە لە بانەوە دەسبەسەر کراون.