دایە خاوەر بەهرامی، هاوسەری شەهید “مامۆستا مەلا ئەحمەد مورادی” لە ناوچەی هەوشار کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتری کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی،دایە خاوەر بەهرامی هاوسەری شەهید مامۆستا مەلا ئەحمەد مورادی، خەڵکی گوندی بیچاخچی، بە هۆی نەخۆشییەوە لە تاران کۆچی دوایی کرد و لە گوندەکەی خۆیان بە خاک سپێردرا.
جێگای ئاماژەیە شەهید مامۆستا مەلا ئەحمەد مورادی ساڵی ١٣٥٨ بوو بە پێشمەرگە و هەتا ساڵی ١٣٦١ هەتاوی بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی ناوچەی هەوشار دەبێ و دواتر دەچێتە کومیتە شارستانی دیواندەرە وهەتا ١٣٦٤ بەوپەڕی دڵسۆزی و ئەمەگناسییەوە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیدا بەردەوام دەبێ.
شەهید مامۆستا مەلائەحمەد بە هۆی ئەو گیروگرفتە کەسییانەی کە هەیبوو بە ئاگاداریی حیزب دەگەڕێتەوە نێوخۆی وڵات و وەک هەمیشە ئەمەگناسانە لە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام دەبێت هەر بۆیە لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە بەردەوام دەخرێتە ژێر چاودێری و لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە چەندین جار ڕاپێچی بەندیخانە کرا و لە ئەنجامی ئەو ئازارو ئەشکەنجانە تووشی نەخۆشی دەبێ و لە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٨١ کۆچی دوایی کرد.
یەکێک لە کوڕەکانی دایە خاوەر و مامۆستا مەلا ئەحمەد مرادی بە ناوی کاک رەزا مورادی، ساڵی ١٣٧٧ پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزب بوو و تا ئێستا وەک تێکۆشەرێکی ڕێگا و ڕێبازی باوکی و سەرجەم شەهیدانی حیزب لە تێکۆشان بەردەوامە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە خاوەر بەهرامییەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسو کاری ناوبراو و سەرجەم خەڵکی ناوچەی هەوشار دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.