دەیڤید ئاڵتۆن، نوێنەری مەجلیسی بریتانیا دەڵێ: خەڵکی ئێران دەیانهەوێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕووخێنن و دەبێ بۆ پشتیوانیی لەو خەڵکە سپای پاسدارانی ڕێژیم لە لیستی تێرۆردا بمێنێتەوە.
دەیڤید ئاڵتۆن، نوێنەری مەجلیس و سیاسەتمەداری ناسراوی بریتانیا، ڕۆژی هەینی ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی” کرێتیک” سەبارەت بە خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەڵێ: لە کاتێکدا خەڵکی ئێران ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بۆ لەنێوبردنی ڕێژیمی ئێران لە گیانی خۆیان مایە دادەنێن، هێشتنەوەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکاندا، تەنیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ئەمنییەتییەکانی وڵاتانی ڕۆژاواییدا نییە، بەڵکوو مانەوەی سپا لە لیستی تێرۆردا هیوا بە خەڵکی ئێران دەبەخشێ.
ناوبراو لەدرێژەدا دەڵێ: لەماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا ئێران بووەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی و دژایەتیی دەسەڵاتدارانی حکوومەت، بۆیە لەو بارودۆخەدا چاوەڕوان دەکرا کە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە دڕندانەترین شێوە سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی بکا.
جێگەی ئاماژەیە کە دوایین جار لە ساڵی ٩٨ی هەتاویدا خۆپێشاندانێکی لەو شێوەیە لە هەموو شارەکانی ئێران هاتەئاراوە کە سپای پاسدارانی ڕێژیم زیاتر لە ١٥٠٠ کەسی بە تەقەی ڕاستەوخۆ و ئەشکەنجە کوشت و کۆمەڵگەی جیهانیی تا ئێستاش لە لێکۆڵینەوە لە بکەرانی ئەو تاوانە خۆی بواردووە.