ئیسرائیل: ئەگەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، لەماوەیەکی دیاریکراودا نەتوانن پەرەسەندنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ڕابوەستێنن، ئیسرائیل بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی و وڵاتەکەی و بەرژەوەندییەکانی ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران دەبێتەوە.
ڕۆژی هەینی ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنی نێوان نەفتالی بێنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ڕافائێل گڕووسی، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەسەر سەرەڕۆیی و زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران، نەفتاڵی بێنێت سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئیسرائیل دیپلۆماسی بە باشترین ڕێگە چارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەزانێ وتی: ئیسرائیل بەرگریی لە وڵاتەکەی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە مافی خۆی دەزانێ.
هەرلەم پێوەندییەدا و پاش چاوپێکەوتنەکە دەفتەری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، ئەگەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، لەماوەیەکی دیاریکراودا نەتوانن پەرەسەندنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ڕابوەستێنن، ئیسرائیل بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و بەرژەوەندییەکانی ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران دەبێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبەشێکی دیکە لە قسەکانیدا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ڕێژیمی ئێران، بەبڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و ناڕاست لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی کۆمەڵگەی جیهانیی بەلاڕێدا دەبا وتی: دەبێ کۆمەڵگەی جیهانیی بەهەموو هێز وتوانایەوە پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی بگرێ و هەروەها داوای لە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە، پەیامێکی ڕوون و لێبڕاوانە بە ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە پێشێلکارییە ناوکییەکانی و زێدەخوازییەکانی بدا.