ئەنجوومەنی زیندانیانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بۆنەی یادکردنەوەی ئێعدامی ٥٩لاوی خەڵکی مەهاباد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد و ئەو ڕۆژەی وەکوو ڕۆژی “بەندکراوی سیاسی”ـی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاریکرد.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەنجوومەنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەشداریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی یادکردنەوەی ئێعدامی ٥٩لاوی شاری مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و هاوکات ناساندنی ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی زیندانییانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبرد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد پاشان پەیامی ئەنجوومەنی زیندانییانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن بەڕێز سەلاح خزرپوور بەرپرسی ئەو ئەنجومەنەوە پیشکەش بە بەشداربوان کرا.
بەڕێز خزرپوور لە پەیامەکەیدا وتی: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاوێژ لەگەڵ چەند لایەنی سیاسی و کۆمەڵێک ڕێکخراوی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و بەندکراوانی سیاسیی کورد، وێڕای وەبیرهێنانەوەی تاوانی سامناکی تیربارانکردنی ٥٩ لاوی کورد لە ڕۆژی “١٢ی جۆزەڕدانی ١٣٦٢”ی هەتاویدا، ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی بەندکراوی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناودێر دەکا و بەمجۆرە هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیڕەوەریی ئەو ٥٩ شەهیدە بێتاوانەی کوردستان، ڕێز لە خەبات و خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسیی کورد دەگرین و سڵاو بۆ ئیرادە و زیندانبەزینییان دەنێرین کە سەرەڕای هەموو ئەشکەنجە و ئازارەکانی نێو زیندان و بێمافییەکانیان، بەڵام سەری خۆیان و بزووتنەوەی سیاسیی کوردیان بەرز ڕاگرتوە، هەروەها سەی کڕنۆش دادەنوێنین بەرانبەر بە قامەتی بەرزی هەموو ئەو شەهیدانەی کە بە ڕووسووری و شکۆمەندییەوە چوونە بن پەتی سێدارە، بەڵام سەریان نەوی نەکرد و چۆکیان بۆ دوژمن دانەدا، لەو ڕۆژەدا چوونە سەر گڵکۆی زیندانیانی سیاسیی شەهید و سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی زیندانیانی سیاسی بە ئەرکێکی نیشتیمانی بۆ خۆمانی دادەنێین.
دواتر بەڕێز عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی پشتیوانیی لە دیارییکردنی ١٢ی جۆزەردان وەکوو ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەلایەن ئەنجوومەنی زیندانیانی سیاسی گەڵاڵە کراوە، پەیامی پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تەواوی پشتیوانی خۆی بۆ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە ڕادەگەیەنێ و وتی: بەندکراوانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێو کۆمەڵگەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قارەمان و زیندانبەزێن ناسراون.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی پشتیوانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەکوو ڕێکخراوی هەنگاو، چاونیوز، هانا، کوردستان تریبۆناڵ، ڕێکخراوی جیهانی کورد، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی نەمران وپەیامی بنەماڵەی حوسێن پەناهی و بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پەیامی بنەماڵەی ٥٩لاوی شاری مەهابادیش خوێندرایەوە.
لەو نێوانەدا سروودێکی شۆڕشگێریش لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێشکەش کرا.