وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە شۆرای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی لە ١٥٢هەمین کۆبوونەوەی خۆیاندا داوایان لە هەموو وڵاتانی جیهان کردووە کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بەڕێژیمی ئێران بخەنە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە شۆرای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی بەدەرکردنی بەیاننامەیەک، سەرەڕای ئەویکە داوایان کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەبێ سەروەریی وڵاتانی دراوسێ بپارێزێ، داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانییش کردووە کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بخەنە لیستی گرووپە تێرۆریستەکانەوە.
شۆرای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی لەبەشێک لە بەیاننامەکەیاندا، داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانیی کردووە کە لێبڕاوانە ڕووبەڕووی پەرەسەندنی خێرا و بەربڵاوی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیی کە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی و مەترسییە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە ببنەوە.
هەروەها ئەو شۆرایە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتی یەمەن و هەناردنی کارناسانی سەربازی و چەکوچۆڵ بۆ میلیشیا حووسییەکانی بەتوندی مەحکووم کرد.
شۆرای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیاندا بەئاماژە بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە نێوان وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئێراندا ڕایانگەیاند کە وڵاتانی ئەندامی ئەو شۆرایە دەبێ لەو وتووێژگەلە کە پێوەندی بە بەرنامەی ناوکیی ئێرانەوە هەیە بەشدار بن.