لە کتێبخانەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی “تەمەنێک بۆ نیشتمان” لە نووسینی خدر پاکدامەن، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڕیوە چوو.
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی سکرتێری گشتیی، ئەندامانی ڕێبەری و سەدان کادر و پیشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە کتێبخانەی گشتیی حیزب، ڕێوڕەسمی پەرەدەلادان لەسەر کتێبی “تەمەنێک بۆ نیشتمان” لە نووسینی بەڕێز خدر پاکدامەن، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
ناوبراو لەو کتێبەدا ئەزموونی دەیانساڵ تێکۆشانی شۆڕشگێڕانی نەتەوەی کورد وحیزبی دێموکرات و بیرەوەرییەکانی خەباتی چەکدارانەی تێدا باس کراوە، سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر بەڕیز مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر کتێبی “تەمەنێک بۆ نیشماتن” چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربوان کرد و وتی: قوباتخانەی حیزبی دێموکرات پەروەردەکەی بە شێوەیەک ڕێکوپێکە کە کەسانی وەکوو خدر پاکدامەن، نووسەری کتێبی “تەمەنێک بۆ نیشتمان” وێرای ئەوەی کە ئاستی خوێندەواری زۆر نییە بەڵام توانیویەتی بیرەوەرییەکانی خەبات و تێکۆشانی شۆڕشگێرانی گەلی کورد بە وردی بنووسێتەوە و ئەوە جێگەی شانازییە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە کەسانی لەو شێوەیەی پەروەردە کردووە.
هەروەها لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا بەڕیز خدر پاکدامەن، نووسەری کتێبی “تەمەنێک بۆ نیشتمان” باسی لە ئەزموونی خۆی کرد کە لەو کتێبەدا وێنای کردووە و سپاسی هەموو ئەو کەسانەشی کرد کە لە بواری پەروەردەکردن و نووسینی کتێبەکە یارمەتییان داوە، لەو کتێبەدا نووسەر باسی بیرەوەرییەکانی خۆی و فەرماندەکانی حیزبی دێموکراتی کردووە کە کاتی خەباتی چەکداری ڕۆڵی گرینگییان لە پاراستنی نیشتماندا هەبووە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا کتێبی تەمەنێک بۆ نیشتمان، لەلایەن نووسەرەوە پێشکەش بە بەشدرابووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.