ڕێکخراوی یەکیەتیی دژی ئێرانی ناوکیی لەسەر بە قاچاخ بردنی نەوتی ئێران وتی: پاڵاوگە تایبەتەکانی چین بە ناوی “قۆرییەکانی چین” ڕۆڵی سەرەکییان لە هەناردە کردنی نەوتی خاوی نایاسایی ئێراندا هەیە.
هەواڵدەریی”واشینگتۆن فێری بەیکن” ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، بە ئاماژە بە بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی یەکیەتیی دژبەری ئێرانی ناوکیی ڕایگەیاند کە، پاڵاوگە تایبەتەکانی وڵاتی چین بە نایاسایی ڕۆڵی سەرەکی لە هەناردە کردنی نەوتی ئێران دەگێڕن و بەوەش هەناردەکردنی نەوتی ئێران گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لەو کاتەی کە “جەو بایدن” بووەتە سەرۆککۆماری ئەمریکا، لانیکەم ٢٢میلیارد دۆلار داهاتی نەوت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستەبەر بووە، ئەوەش تەنیا لە ڕێگەی بە قاچاخبردنی نەوتی ئێرانە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، ئەو پاڵاوگە تایبەتانەی کە چین نەوتی ئێران بە نایاسایی دەگوازێتەوە لەڕووی یاساوە سەربە دەوڵەتی چین نییە و تاوانبارە بەوەی کە دەوری گەمارۆ نێونەتەوەییەکانی بەدژی ئێران لێداوە و بەوەش بازرگانیی نەوتی ئێرانی تا ڕادەیەک بووژاندووەتەوە.
ئەو پاڵاوگەیە فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی بە نهێنی ئەنجام داوە تەنیا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و وڵاتی چین لە بە قاچاخبردنی نەوت ئاگادارن، ئەوەش بە تەواوی دژی یاسای گەمارۆ نێونەتەوەییەکانە کە خراوەتە سەر ڕێژیمی ئێران.