وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، سەرەڕای پشتیوانیی لە خەڵکی ناڕازیی وخۆپیشاندەر لە ئێران، داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە کە ناڕەزایەتییە ڕەواکانی خەڵک سەرکوت نەکەن.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای پشتیوانیی لە خەڵکی ناڕازیی ئێران وتی: ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئێرانداین و دەنگیان دەبیستین و داوا لە دەوڵەتی ئێران دەکەین مافە ڕەواکانی خەڵکی ئێران پێشێل نەکا و وڵامی خواست و ویستەکانی خەڵکی ئێران بدەنەوە.
ناوبراو لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە ڕاوەستانی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: ئێمە ئامادەین کە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بگەیێنین بە ئامانج، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە ئێرانە کە دەبێ کۆتایی بە خواست ویستەکانی جیاواز لە ڕێککەوتنی بەرجام بهێنی و ئەو بژاردەیە ئێستا لەدەستی ئێراندایە.
وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە پێشیلکردنە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و هاوکاریی نەکردنی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە وتی: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان کە کۆتایی بە چالاکییە شاراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بهێنن و ئێران دەبێ هاوکاریی تەواوی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بکا.