ئەسکەندەر لوتفی مامۆستای بەندکراو بە هۆی ناڕوونیی چارەنووسی مانی لە خواردن گرت.
ئەسکەندەر لوتفی مامۆستای دەسبەسەر کراوی خەڵکی مەریوان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی مەریوان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی بە ڕاگیرانی نایاسایی لە بەندیخانە و گوشار خستنە سەری بە مەبەستی ئەنجامی دانپێدانانی زۆرەملێ، مانی لە خواردن گرتووە.
مامۆستا ئەسکەندەر ئێستا لە یەکێک لە گرتنگەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە ڕاگیراوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە گوشاری خراوەتە سەر هەتا بە ناچاری دان بەوەدا بنێت کە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو دوو هاووڵاتیی فەرانسەوییە هەبووە کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
ئەم دوو هاووڵاتییە فەرانسەوییە کە لە ئەندامانی فیدراسیۆنی پەروەردە و کولتووری سەندیکای کاری ئەو وڵاتەن، مانگی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەسبەسەر و بەوە تۆمەتبار کراون کە پێوەندییان بە چالاکانی پیشەیی، مامۆستایانی قوتابخانە و کرێکاران کردووە هەتا ناڕەزایەتی لە ئێران ڕێکبخەن.
ئەسکەندەر لوتفی تەمەن ٥١ ساڵ ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، هاوڕێ لەگەڵ دوو مامۆستای دیکە بە ناوەکانی “مەسعوود نیکخا” و “شەعبان محەممەدی” لە ڕێگای سنە – مەریوان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەسبەسەر کران کە شەعبان محەممەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کرا.
مەسعوود نیکخا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ ئازاد کرا و ڕۆژی پێنجشەممە سەرلەنوێ دەسبەسەر کرایەوە.
شەعبان محەممەدی، ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕ سەر لە نوێ دەسبەسەر کرایەوە و ئەم سێ مامۆستایە ئێستا لە یەکێک لە گرتنگەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە ڕاگیراون.
جێگای ئاماژەیە کە ئەسکەندەر لوتفی دوای مانگرتنی مامۆستایان لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای ڕێژیم لە سنە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری درۆ، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.